کەشناسیی هەرێمی کوردستان بڕی بەفربارینی لە دهۆک و ڕاپەڕین بڵاوکردەوە، زۆرترین بڕی بەفر لە ناحیەی کانی ماسی باریوە، کە 27 سانتیمەترە، بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێریش شۆفێران ئاگاداردەكاتەوە لەوەی، بەهۆی زۆریی بەفربارینەوە ڕێگای دەربەندی گۆمەسپان دادەخرێت، داواشدەكات بۆ كاری زۆر گرنگ نەبێت، گەشت نەكەن.
لە شەوی ڕابردووەوە بەفربارین لە چەند ناوچەیەكی دهۆك دەستیپێكردووە، کەشناسیی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد، لە سنووری پارێزگای دهۆک زۆرترین بڕی بەفر لە کانی ماسی باریوە، کە 27 سانتیمەترە، لە ئامێدی 20 سانتیمەتر و لە ناحیەی سەنگەسەری سەر بە ڕانیە 16 سانتیمەتر بەفر باریوە، لە چەند ناوچەیەكی دیكەی دهۆك بەهەمانشێوە بەفرباریوە، بەڵام بە بڕێكی كەمتر.
هەر ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی هەولێر، ئاگاداری سەرجەم هاوڵاتییان و شۆفێرانی کردەوە، کە ڕێگای دەربەندی گۆمەسپان بۆسەر چیای سەفین و کەپکی گەرۆتە دادەخرێت، لەبەر چڕی بەفری سەر ڕێگاکە و کەمبوونەوەی مەودای بینین بۆ چەند مەترێک.
ڕاشیگەیاند، هاوڵاتییان و شوفێران لەکاتی ئێستادا دەتوانن وەکو شوێنگرەوە ڕێگای (هەولێر- شەقڵاوە-هیران) بەکاربهێنن، کە ئێستا هاتوچۆ تیایدا ئاساییە.
هاتوچۆی هەولێر داواشدەکات هاوڵاتییان هاتوچۆیان سنوورداربکەن و لەحاڵەتی زۆر پێویست نەبێت، گەشت نەکەن.