مشتومڕێکی توند لەگەڵ سیناتۆرێك داهات و مووچەی فاوچی ئاشكرادەكات

سیناتۆرێکی کۆمارییەکانی ئەمریکا ڕەخنەی کۆکردنەوەی سامان لە ئەنتۆنی فاوچی ‏سەرۆکی پەیمانگای نیشتمانیی ئەمریکا بۆ نەخۆشییە کوشندەکان و گەورە ڕاوێژکاری ‏پزیشکیی کۆشکی سپی دەگرێت، بەوەی لەکاتێکدا جیهان لە مەترسیی کۆرۆنادا بووە، ‏فاوچی بەبڕی زیاتر لە 10 ملیۆن دۆلار وەبەرهێنانی پزیشکیی کۆکردووەتەوە.‏

گۆڤاری فۆربسی ئەمریکی بڵاویکردەوە، ئاشکراکردنی زانیاریی لەبارەی سامانەکەی ‏فاوچی دوای مشتومڕێکی توندی نێوان ڕۆجەر مارشاڵ-ی سیناتۆر و ئەنتۆنی فاوچی هات ‏کە سەبارەت بە بەکارهێنانی پەتای ‏COVID-19‎‏ فاوچی-ی بە بەکارهێنانی پەتاکە بۆ ‏کۆکردنەوەی سامان تۆمەتبارکرد، لەو مشتومڕەدا فاوچی بە مارشاڵی وت، “گەمژە”. ‏

بەپێی ئەو زانیارییانەی فۆربس بڵاویکردوونەتەوە، لەساڵی 2020دا داهات و ‏ئیمتیازاتەکانی دکتۆر فاوچی و خێزانەکەی گەیشتووەتە ملیۆنێک و 782 هەزار دۆلار.‏

هەروەها داهات و تێچووی گەشتەکانی فاوچی لەماوەی ئەو ساڵەدا کە کۆرۆنا جیهانی ‏سەرقاڵ کردبوو 119 هەزار دۆلار بووە. ‏

ئەو سیناتۆرە دەڵێت، لەساڵی 2020دا مووچەی ئەنتۆنی فاوچی 434 هەزار دۆلار بووە، ‏هەروەها هاوسەرەکەی فاوچی مووچەکەی 234 هەزار دۆلار بووە، بۆیە مارشاڵ، فاوچی ‏تۆمەتبار دەکات بەوەی لەناو سەرجەم فەرمانبەرانی ئەمریکا، کە 4.3 ملیۆن فەرمانبەرن ‏بە خودی سەرۆکی ئەمریکاشەوە، بەرزترین مووچەی هەبووە.‏

سیناتۆرە كۆمارییەكە ئەوەشی ئاشکراکردووە، فاوچی بەدەر لە مووچە و وەبەرهێنانەکانی ‏لەماوەی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنادا، خاوەنی پشکێکە لە چێشتخانەی سان فرانسیسکۆ، ‏لەکاتێکدا لەساڵی 2020 هیچ داهاتێکی لەو چێشتخانەیەدا نەبووە، “بۆیە گومان دەکەم ‏داهاتەکانی لەوبارەیەوە شاردبێتەوە و ئاشکراینەکردبێت”.‏

بابەتی پێشتر

بڕیاری کۆتایی.. دیۆکۆڤیچ دیپۆرت دەکرێتەوە

بابەتی دواتر

لە دهۆك و ڕاپەڕین بەفرباری و هەولێریش شۆفێران ئاگاداردەکاتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share