سەرۆكی فراكسیۆنی سەدر، سووربوونیان لەسەر “زۆرینەی نیشتمانی” دووپاتدەكاتەوە، فراكسیۆنەكەشیان بە “گەورەترین و بەتواناترین” وەسفدەكات.
حەسەن عەزاری، سەرۆكی فراكسیۆنی سەدر لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تویتێكی كردووە، نووسیویەتی، “زۆرینەی نیشتمانی بەرهەمێكی عێراقییە.. كوتلەی سەدر گەورەترین و بەتواناترینە”.
ناوهێنانی كوتلەی سەدر بە گەورەترین لەلایەن سەرۆكەكەیەوە، لەكاتێكدایە، تا ئێستا بەفەرمی گەورەترین فراكسیۆنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یەكلانەبووەتەوە، هەرچەندە فراكسیۆنەكانی سەدر و چێوەی هەماهەنگی داواكارییان پێشكەش بە سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران كردووە لەبارەی گەورەترین فراكسیۆن.
زیاتر لە جارێك ڕەوتی سەدر لەڕێگەی ڕێبەرەكەی و فراكسیۆنەكەیەوە دووپاتیانكردووەتەوە، دەیانەوێت حكومەتێكی زۆرینەی نیشتمانی پێكبهێنن، ویستێك كە پێچەوانەی ویستی چێوەی هەماهەنگیی شیعەكان و تەنانەت ئێرانیشە.