سۆمۆ: عێراق لە 2021دا زیاتر لە یەک ملیار بەرمیل نەوتی هەناردەکردووە

کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق سۆمۆ ئاشکرایکرد، لە کۆتا مانگی ساڵی 2021دا بڕی هەناردەکردنی نەوتی عێراق و لەناویشیدا هەرێمی کوردستان بەڕێژەی 0.4% بەرزبووەتەوە، تێکڕای هەناردەی نەوتی عێراق یەک ملیار بەرمیلی تێپەڕاندووە.

بەپێی ئەو داتایانەی کۆمپانیای سۆمۆ بڵاویکردووەتەوە، هەناردەی نەوتی عێراق و هەرێمی کوردستان لەو بڕەدا ماوەتەوە کە بەپێی ڕێککەوتنی ئۆپیک پڵەس بۆی دیاریکردووە و پارێزگاریی لە پشکی خۆی کردووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە مانگی کانونی یەکەمی ساڵی ڕابردوودا ئاستی هەناردەکردنی ڕؤژانە بەرزبووەتەوە بۆ 4.225 ملیۆن بەرمیل لەڕۆژێکدا و بەڕێژەی 0.4% بەرزبووەتەوە بەراورد بە مانگەکانی پێشوو کە ئاستی هەناردەکردن 4.208 ملیۆن بەرمیل بووە.

لەکاتێکدا بەپێی ڕێککەوتنی ئۆپیک پڵەس پشکی عێراق بۆ مانگی کانونی یەکەم زیادکرا بۆ 4.237 ملیۆن بەرمیل لەڕۆژێکدا.

بەڵام بەپێی دوایین کەمکردنەوەی مەرجەکانی سەر هەناردەکردنی نەوت لەلایەن هاوپەیمانیی ئۆپیک پڵەسەوە بۆ مانگی کانونی دووەم پشکی عێراق بەرزکراوەتەوە بۆ 4.293 ملیۆن بەرمیل لەڕۆژێکدا.

بەپێی کۆمپانیای سۆمۆ کۆی هەناردەکردنی نەوتی عێراق و لەناویشیدا هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2021 گەیشتووەتە 1.1028 ملیار بەرمیل، ڕێژەی 70%ی نەوتی هەناردەکراوی عێراقیش بۆ وڵاتانی ئاسیا وەک هیندستان و چین ڕەوانەکراوە.

بابەتی پێشتر

وێنە.. کۆمەڵێک کۆچبەر دوای مانەوەی شەو و ڕۆژێک لەبەر سەرما ڕزگارکران

بابەتی دواتر

ڕێنمایی هێنانی کرێکاری بیانی بۆ هەرێم هەمواردەکرێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share