دەركەوتنی ئاسمان بە ڕەنگی شینێكی ڕوون، یەكێكە لەو دیاردانەی زۆرینەمان بەتایبەت لە وەرزی زستان و دوای بارانبارین بینیومانە، شارەزایەكی كەشناسی هۆكارەكەی بۆ پەرشبوونەوەی ڕەنگەكان دەگەڕێنێتەوە و وردەكارییەكەی ڕووندەكاتەوە.
ئەژی چەتۆ، بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم دەڵێت، “زۆربەمان ڕەنگە بزانین كاتێك تیشكی خۆر دەگاتە نێو بەرگەهەوای زەوی، لە ڕێگەی گازەكانی (ئۆكسجین و نایترۆجین)ــەوە پەرشدەبێتەوە و ئەوەش بە دیاردەی (پەرشبوونەوەی ڕایلی) ناسراوە.
دەشڵێت، “لە ڕووی زانستییەوە هەرچەندە درێژەشەپۆلی ڕووناكی كورت بێت، ئەوا پەرشبوونەوەی لەنێو بەرگەهەوادا زیاتر دەبێت و ئەو ڕەنگە كە ئێمە لە ئاسماندا دەیبینین، پشتدەبەستێت بەو ئاراستەیەی تیایدا ڕووناكییەكە دەگاتە چاومان، بەو واتایەی هەرچەندە پەرشبوونەوەكە زیاتربێت، ئەوا ئاستی گەیشتنی بۆ چاوی ئێمە لە هەموو لایەكاندا زیاتر دەبێت”.
كەشناسەكە ڕوونیشیكردووەتەوە، “بەشێوەیەكی گشتی، ئاسمان پاك و بێگەرد بە ڕەنگی شین دەردەكەوێت، چونكە تەنۆچكەكانی نێو هەوا ڕەنگی شین پەرشدەكەنەوە، كە خاوەنی یەكێكە لە كورترین درێژەشەپۆلەكانی شەبەنگی نێو ڕووناكیی خۆر، لە بەرامبەردا ڕەنگی سوور خاوەنی درێژترین شەپۆلە، بەڵام لەكاتی ئاوابوونی خۆردا ڕەنگی سوور و پرتەقاڵی دەبینین، چونكە ڕەنگی شین لەو كاتانەدا دووردەكەوێتەوە لە هێڵ و ڕێڕەوی بینینی چاوەكانمان”.
”درێژیی شەپۆلی ڕەنگی وەنەوشەیی كورتترە لە ڕەنگی شین، بۆیە دەبوایە ئاسمان بە ڕەنگی وەنەوشەیی ببینین، بەڵام ئێمە ئاسمان بەڕەنگی شین دەبینین، چونكە چاوی مرۆڤ زۆر هەستیارترە بۆ ڕەنگی شین”، وەك ئەوەی ئەژی چەتۆ ڕوونیكردووەتەوە.
ئاماژە بەوەشدەكات، “ئێستا وەرزی زستانە، ڕێڕەوی خۆر و ئاستەكەی لە ئاسماندا نزمە، ئەمەش بەهۆی لاریی تەوەری خولانەوەی زەوی لەم كاتانەی ساڵدا، جا لەسەر ئەو بنەمایە، كاریگەریی دیاردەی (پەرشبوونەوەی ڕایلی) هەڵدەستێت بە پێدانی ئاستێكی زیاتری ڕووناكیی ڕەنگ شین بۆ چاوەكانمان و لە هەمان كاتدا تیشكی ناڕاستەوخۆی خۆر نزمیی ڕێژە و ئاستەكانی ڕەنگی سوور و سەوز وادەكەن ئاسمان هێشتا شینتر بەدیاربكەوێت”.
بەپێی ڕوونكردنەوەكەی كەشناسەكە، “جگە لەوەش، لە وەرزی زستاندا ڕادەی شێ (لە هەڵمی ئاو و دڵۆپەكانی) بەهۆی نزمیی پلەی گەرمییەوە كەمترە، چونكە خودی هەڵمی ئاو و دڵۆپەكان بە شێوازێكی جیاواز لە تەنۆچكەكانی ئۆكسجین و نایترۆجین ڕووناكی پەرشدەكەنەوە، ئەمەش بە (پەرشبوونەوەی می) ناسراوە، كە وادەكات ڕووناكی و ڕەنگی شین بۆ پێشەوە و بەشێوەیەكی یەكسان بۆ هەموو لایەكان پەرش ببێتەوە، بۆیە (پەرشبوونەوەی می) وادەكات ڕەنگی شین زیاتر بۆ بۆشایی ئاسمان، نەوەك بۆ چاوی بینەر پەرش ببێتەوە، كەواتە لەكاتی بوونی هەڵمی ئاو و دڵۆپەكانی لە ئاسماندا، شینیی ڕەنگەكەی كەمتر دەبێتەوە، یان بە واتایەكی دیكە، هەرچەندە ئاستی شێ لە هەوادا كەم بێت، ئەوا كاریگەریی (پەرشبوونەوەی می) كەمتر دەبێت، لەكاتێكدا ئەگەر كاریگەریی (پەرشبوونەوەی ڕایلی) زیاتر بێت، ئەوا ئاسمان بە شینێكی قوڵتر دەردەكەوێت، لە تەك كاریگەرییەكی دیكە، ئەویش نزمیی ئاستی دیسكی ڕووناكیی خۆرە لە ئاسمانی وەرزی زستاندا”.
بەرپرسەكەی كەشناسیی هەرێم ئەوەش دەخاتەڕوو، ئەو هۆكارانە وادەكات كەوا دانیشتووانی ناوچە یەكسانەكان، بەتایبەتیش نێوان 30 تا 60 پلە بەرەو باكوور و باشووری زەوی لە وەرزی زستاندا ئاسمانێكی شینی زۆر جوان و پاك و بێگەرد لە ڕۆژە ساماڵەكانی وەرزی زستاندا ببینن.