ئەندامێكی شاندە هاوبەشەكەی یەكێتی و پارتی پێشبینی دەكات پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق دوابكەوێت، دەشڵێت، یەكێتی و پارتی لەبارەی پۆستەكانەوە لێكتێگەیشتنیان هەیە.
دوو ڕۆژە شاندێكی هاوبەشی یەكێتی و پارتی لە بەغدادە، عیماد ئەحمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی سەرۆكایەتیی دەكات و چەند كۆبوونەوەیەكیان لەگەڵ لایەنە جیاوازە شیعی و شونییەكان كردووە.
یەكێتی و پارتی بە نەخشەڕێگایەكەوە چوونەتە بەغداد
هەرێم كەمال ئاغا، كە ئەندامی شاندە هاوبەشەكەیە، بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، شاندەكەی یەكێتی و پارتی كارنامه‌ى هاوبه‌شی پێبووه، “نه‌خشته‌ڕێگایه‌كه بۆ داخوازییه‌كانى گه‌لى كوردستان”.
بوونی شاندی هاوبەشی یەكێتی و پارتی لەكاتێكدایە، پێدەچێت تائێستا لەبارەی پۆستی سەرۆك كۆمار و تەنانەت پارێزگاری كەركوكەوە نەگەیشتبنە ڕێككەوتن، بەڵام هەرێم كەمال ئاغا، كە ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیشە، دووپاتیكردەوە، “له‌نێوان یه‌كێتى و پارتى لێكتێگه‌یشتن هه‌یه بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ى به‌ركه‌وته‌كان”، بێ ئەوەی ڕوونكردنەوەی زیاتر بدات.
لەئێستادا گرفتدارترین پێكهاتەی عێراق بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو، شیعەیە، بەوپێیەی موقتەدا سەدر، كە ڕەوتەكەی زۆرترین كورسیی پەرلەمانی بەدەستهێناوە، سوورە لەسەر پێكهێنانی حكومەتێكی زۆرینەی نیشتمانی بە بەشداریی تەواوی پێكهاتەكان، بەڵام بە بەشداریی هەموو لایەنەكان نا.
ئەو ویستەی سەدر بەر ویستی چێوەی هەماهەنگیی شیعەكان گەوتووە، كە دەیانەوێت شیعە زۆرینەیەكی باڵاتر لەڕووی ژمارەوە پێكبهێنێت و پێكەوە لەگەڵ لایەن و پێكهاتەكانی دیكە حكومەتێكی سازان “تەوافوق” پێكبهێنن.
پێكهێنانی حكومەت دوادەكەوێت
شاندە كوردییەكە لەگەڵ هەردوو لایەنە شیعییەكە كۆبووەتەوە، هەرێم كەمال ئاغا دووپاتیكردەوە، “له‌گه‌ڵ پارتى وا ڕێككه‌وتین، نه‌بینه به‌شێك له كێشه‌كانی نێوان شیعەكان، به‌ڵكو ببینه چاره‌سه‌ر”.
سەركردایەتییەكەی یەكێتی پێشی وایە، پێویستە لایەنە شیعییەكان كاتی زیاتریان پێبدرێت بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن، تاوەكو لێكترازانى زیاتر دروست نه‌بێت له‌نێو شیعه‌كاندا، ”چونكه ئه‌نجامى لێكترازانه‌كه، ڕه‌نگدانه‌وه‌ى له‌سه‌ر كۆی پرۆسه‌كه ده‌بێت”.
بۆیە هەرێم كەمال ئاغا پێشبینیی كرد، “پێكهێنانى حكومه‌ت دواده‌كه‌وێت، به‌هۆی ئه‌وه‌ى شیعه‌كان هێشتا په‌رته‌وازه‌ن”.
نەشیشاردەوە، “كورد پێیوایه، ته‌بایی نێوماڵى شیعه‌كان ڕه‌نگدانه‌وه‌ى له‌سه‌ر داخوازییه‌كانى كورد ده‌بێت و داهاتووى په‌یوه‌ندییه‌كانى له عێراقی نوێ‌دا باش ده‌بێت”.
هه‌رێم كه‌مال ئاغا وتیشی، سبه‌ینێ ته‌نها سوێندخواردنى ده‌ستووریی په‌رله‌مانتاران به‌ڕێوه‌ده‌چێت، بۆ هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان پێویست به ڕێككه‌وتن ده‌كات، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا ڕێككه‌وتنى بنه‌ڕه‌تى نه‌كراوه له‌سه‌ر پۆسته‌كان.
سوونە حەلبوسی دەكاتەوە سەرۆكی نوێنەران
لەبارەی پۆستى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانەوە، ئەندامی شاندە هاوبەشەكە ئاشكرایكرد، سوننه یه‌كلایی كردووه‌ته‌وه كه كاندیده‌كه‌یان بۆ سه‌رۆكى ئەنجومەنی نوێنەران محەمەد حه‌لبوسی-یه، به‌ڵام جێگره‌كانى هێشتا یه‌كلانه‌كراوه‌ته‌وه، كه یه‌كێكیان پشكى شیعه‌كانه و ئەوەی دیكەش بۆ كوردە.
پێشبینیی كرد، سبه‌ینێ دواى سوێندخواردنى په‌رله‌مانتاران، دانیشتنه‌كه بە كراوەیی دەهێڵرێتەوە تاوه‌كو ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر پۆسته‌كان ده‌كرێت.