دوای كۆنترۆڵكردن و داگرتنی درۆنێک لە سنووری ئیسرائیل و لوبنان لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە، لە بیرگە “میمۆری”ی درۆنەکەدا وێنەی ئەو ئەندامانەی حزبوڵڵای تێدابوو، کە درۆنەکەیان هەڵدابوو.
یۆخاف مۆردەخای، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل لەبارەی ڕووداوەکەوە ڕایگەیاندووە، ”دوای داگرتنی یەکێک لە درۆنەکانی حزبوڵڵا لەسەر سنوور، پشکنین بۆ میمۆریی درۆنەکە کراوە، وێنەی ئەو ئەندامانەی حزبوڵڵای تێدابووە، کە درۆنەکەیان لە دژی ئیسرائیل بەکارهێناوە”.
ئەو وتەبێژەی سوپای ئیسرائیل ڕاشیگەیاندووە، “لە چەند مانگی ڕابردوودا ئاگاداری جوڵەی ئەندامانی حزبوڵاین لەسەر سنوورەکان، بەتایبەت چالاکییەکان بە درۆن، کە ئەوان زۆر بڕوایان پێی هەیە و کاری پێدەکەن”.
بە وتەی وتەبێژی سوپای ئیسرائیل، ئەوە جاری یەکەم نییە کە درۆنی ئەندامانی حزبوڵڵا لە سنووری ئاسمانی ئیسرائیل كۆنترۆڵ بكرێت و دابگیرێت.