نزیکەی مانگێکە سنووری نێوان ڕۆژئاوای كوردستان و هەرێم لە بەری هەرێمی کوردستانەوە داخراوە، لەو ماوەیەدا سەدان کەس لە ڕۆژئاواوە بۆ هەرێم و بە پێچەوانەوە ڕێگەیان پێدراوە گەشتبكەن.
دوێنێ پێنج شەممە 400 کەس لە هەرێمی کوردستانەوە گەیشتنەوە ڕۆژئاوای کوردستان، ئەوەش دوای ئەوەی خاڵی سنووریی پێشخابوور ماوەی مانگێکە داخراوە و تەنها ڕێگا بەو کەسانە دەدرێت هاتوچۆ بکەن، کە مافی مانەوەی هەردوولایان هەیە، یاخود کەسانی بیانی بوون.
بڕیارە لە ئەمڕۆوە دەرگای خاڵە سنوورییەکە بەڕووی کارمەندانی ئەو ڕێکخراوە مرۆییانەدا بکرێتەوە کە لە ڕۆژئاوای کوردستان کاردەکەن.
داخستنی دەروازەی پێشخابوور، دوای ئاڵۆزییەک لە 15ی کانوونی یەکەمدا هات، ئەگەرچی ئیدارەی خۆسەر کاریگەریی نەرێنیی داخستنی سنوورەکەی بەسەر خەڵکی ڕۆژئاواوە خستووەتەڕوو، بەڵام هێشتا لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە بڕیاری کردنەوەی یەکجارەكی نەدراوە.
پێشتر ئیدارەی خۆسەر لە ڕۆژئاوای کوردستان لیژنەیەکی بۆ دانوستاندن لەگەڵ حکومەتی هەرێم پێکهێنابوو، لیژنەکە قسەیان لەگەڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەمریکا چاودێریی ئەو هەوڵانە دەکات.