ئەمڕۆ لە بەشێک لە پاریزگاکانی ئێران، ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی 150 کوژراوی ئێرانی سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق بەڕێوەچوو، ڕێڕەوسمەکەش بەبۆنەی ساڵڕۆژی ”شەهیدی زەهرا” ڕێکخرابوو.
کوژراوە ئێرانییەکان لەکاتی جەنگی ئێران – عێراق کوژراون و بەهۆی بەردەوامی و سەختی شەڕەوە نەتوانراوە ئەوکاتە تەرمەکانیان بگەڕێندرێتەوە ئێران، 9 کوژراویشیان لە پارێزگای سلێمانی کوژراون.
لە ڕێوڕەسمەکەدا کە ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران و محەمەد باقر قاڵیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ئامادەیبوون، پێشوازی لە بەشێک لە تەرمەکان کرا لە نزیک زانکۆی تاران.
ئەو ئێرانییانەی کە لە شەڕی وڵاتەکەیان و عێراقدا کوژراون لە ئۆپەراسیۆنی (کەربەلای پێنج و هەشت، فەجری یەک تا نۆ، زوممار، بەدر و دیجلە)دا بووە و ئۆپەراسیۆنی (فەجری نۆ) لە پارێزگای سلێمانی بووە.
لە ماوەی هەشت ساڵ شەڕی نێوان عێراق و ئێراندا، لە بەشێکی زۆری ناوچە سنوورییەکان هەزاران کەس کوژران، ئێران و عێراق ئاماری قوربانییەكانیان بە جیاواز و دژبەیەک بڵاوکردووەتەوە، بەڵام بەپێی ئاماری سەربەخۆ و دوور لە لایەنداری، زیاتر لە 600 هەزار کەس لەو شەڕەدا کوژراون.