بافڵ جەلال تاڵەبانی لە دەباشان لەگەڵ فالح ئەلفەیاز كۆبووەوە، كۆبوونەوەی چاوەڕوانكراوی خولی نوێی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پێكهێنانی حكومەتی نوێیان تاوتوێكرد.
بافڵ جەلال تاڵەبانی لە دەباشان پێشوازیکرد لە فالح ئهلفەیاز، سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی.
بەپێی ڕاگەیەندراوێكی نووسینگەكەی، لە دیدارەكەدا دواپەرەسەندنە سیاسی، ئابووری، ئەمنییەکان و دۆخی وڵات بە گشتی تاوتوێکرا و بەرپرسیارانە و ڕاشکاوانە ھەڵوێستیان لەبارەوە خرایەڕوو.
ھەر لە دیدارەکەدا جەخت لە یەکخستنی ھەوڵە ھەمەلایەنەکان کرایەوە بۆ ئەنجامدانی یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق، کە وەڵامدەرەوەی خواستی ھەموولایەک بێت و ببێتە مایەی سەقامگیری سیاسی و ئارامی زیاتر.
دیدارەكە بە ئامادەبوونی ڕەفعەت عەبدوڵا، بڕیاردەری دەستەی کارگێڕی و قادر عەزیز، کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ بەڕێوەچوو.