ئەو كرێكارە سورییەی بەهۆی خەڵوزەوە لە یەكێك لە كارگەكانی چەو و لم لە دەربەندیخان گیانیلەدەستدا، دوای نزیكەی 10 ڕۆژ مانەوەی تەرمەكەی لە پزیشكی دادوەری، بەرەو سوریا بەڕێكرایەوە.
شەوی 26ی كانونی یەكەمی ڕابردوو دوو كرێكاری بە ڕەگەز سووری، كە لە كارگەیەكی چەو و لمی گوندی دەرەدۆیین-ی سنووری دەربەندیخان كاریاندەكرد، بەهۆی دووكەڵی خەڵووزەوە، كە بۆ خۆگەرمكردنەوە بەكاریانهێنابوو، تووشی تەنگەنەفەسی بوون، دواتر یەكێك لە كرێكارەكان گیانیلەدەستدا.
تەرمی گەنجەكە لەوكاتەوە لە پزیشكی دادوەریی دەربەندیخان هێڵدرابووەوە، بەڵام ئەمڕۆ لەلایەن ژمارەیەك لە خۆبەخشانەوە لە مزگەوتی حاجی ساڵح گەڵاڵی شۆردرا و پاش نوێژكردن لەسەری بەرەو سوریا بەڕێكرایەوە.
ئەوكات و دوای ڕووداوەكە سامان شێخ لەتیف، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی تەندروستیی سلێمانی بۆ تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، كرێكارەكەی دیكەیان گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی و تەندروستیی ناجێگیرە.