خواردنەوەی چاو قاوە لە كافتریاكان باجی چووە سەر

بەشێك لە كافتریاكان، باجیان خستووەتە سەر ئەو خواردن و خواردنەوانەی پێشكەشی ‏میوانەكانیانی دەكەن و ڕاستەوخۆ دەخرێتە سەر پسووڵەی میوانەكە، لەكاتێكدا ‏گەشتوگوزاری سلێمانی ڕەتیدەکاتەوە ڕێنماییەکانیان ڕێگە بە وەرگرتنی باج لە میوانەكان ‏بدات لە چێشتخانە و کافتریاکان. ‏

لە ماوەی ڕابردوودا بە بڕیاری بەڕێوەبەرایەتیی باجەکانی هەرێمی کوردستان، باجی سەر ‏چێشتخانە و میوانخانەکانی هەرێمی کوردستان زیادکرا، لەگەڵ بڕیارەکەدا حکومەتی ‏هەرێمی کوردستان جەختیکردەوە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر بەزربوونەوەی نرخ لە ‏چێشتخانە و میوانخانەکان و کافتریاکاندا نابێت و بارگرانی بۆ خەڵک دروستناکات. ‏

تۆڕی میدیایی ئێستا پسووڵەی یەکێک لە کافتریاکانی لەبەردەستدایە کە لەسەر ژمێرەی ‏تێچووی میوانەکانی ڕێژەی 10%ی باجەکەی داناوە و لە میوان وەردەگیرێت.‏

لەوبارەیەوە داسیار محەمەد بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری ‏سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “ڕێنماییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی باجەکانی ‏هەرێم بۆ زیادکردنی باج لەسەر چێشتخانە و میوانخانەکان بەوجۆرەیە کە میوان نابێت ‏بارگرانی بۆ دروستبکرێت و باج لەسەر ئەوان هەژمار بکرێت”. ‏

بەڵام بەرپرسەكەی گەشتوگوزار نەیشاردەوە، كە لەو چێشتخانە و میوانخانە و شوێنانەی ‏بەپێی پێوەرە فەرمییە دیاریکراوەکان چوار ئەستێرە و پێنج ئەستێرەن، ڕێژەی 10%ی ‏باج لەسەر میوان هەژماردەکرێت، هەر شوێنێکیش بەدەر لەو ڕێنماییە باج بخاتەسەر ‏میوانەکانی، سزا دەدرێت.‏

جەختیشیکردەوە، ئەوان لەڕێگەی لیژنەکانیانەوە بە بەردەوامی لە سلێمانی بەدواداچوون ‏بۆ ئەو حاڵەتانە دەکەن و چاوپۆشی لە دانانی باج لەدەرەوەی ڕێنماییەکانی حکومەت ‏ناکەن.‏

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

دوایین زانیاری لەبارەی هاوتاكردنی مووچەی هەرێم لەگەڵ بەغداد بڵاوكرایەوە

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، ئەنجومەنی وەزیران نووسراوێكی ئاراستەی نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێم لە بەغداد كردووە داوای بۆچوونی نوێنەرایەتییەكەی…
Total
0
Share