یهكێتى و پارتى كۆبوونەوە و پرسی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستانیان تاوتوێكرد، هاوڕابوون كە پێویستە هەڵبژاردنەكە لە كاتی خۆیدا بكرێت و ئامادەسازیی نیشتمانیی پێویست بكرێت، تێگەیشتنی هاوبەشیش لەسەر میكانیزمە یاسایی و سیاسیەكان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن هەبێت.
بەپێی ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكە، لە چوارچێوەی هەماهەنگی و كاری پێكەوەیی هەردوو حزب، شاندێكی تایبەتی یەكێتیی و پارتی لەسەر پرسی دەستور و هەڵبژاردن و كۆمسیۆن، كۆبوونەوە، هەردوولا هاوڕابوون كە پێویستە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان لە كاتی خۆیدا بكرێت.
بڕیادراوە لە هەفتەی داهاتووەوە كۆبونەوەكان بەردەوام بن.
دهقی ڕاگهیهندراوی كۆبوونەوەكە:
ڕاگەیەندراوی هاوبەشی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر پرسی هەڵبژاردن و دەستوور و كۆمسیۆن
لە چوارچێوەی هەماهەنگی و كاری پێكەوەیی ( ی.ن.ك) و ( پ.د.ك)، ئەمڕۆ 5ی كانونی دووەمی 2022 شاندێكی تایبەتی یەكێتی و پارتی لەسەر پرسی دەستوور و هەڵبژاردن و كۆمسیۆن، لە بارەگای مەكتەبی سیاسی (ی.ن.ك) لە شاری سلێمانی كۆبوونەوە، هەردوولا هاوڕابوون كە پێویستە هەڵبژاردنەكانی پهرلەمانی كوردستان لە كاتی خۆیدا بكرێت و ئامادەسازیی نیشتمانیی پێویست بكرێت، تێگەیشتنی هاوبەش لەسەر میكانیزمە یاسایی و سیاسییەكان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن هەبێت .
هەردوولا كۆكبوون پێكەوە كار بۆ بەهێزكردنی متمانەی هاوڵاتییان بە پرۆسەی هەڵبژاردن تۆكمەتر بكرێتەوە و پرۆسەیەكی شەفاف و سەركەوتوو بێت.
هەروەها هەردوولا جەختیان لەوەكردەوە بەپێی ڕێككەوتنی سیاسی 5ی 3ی 2019ی نێوان هەردوولا و كۆبوونەوەكانی ئەم دواییانەی هەردوو حیزب بە گیانی برایەتی و تەبایی هەنگاوە پێویستە كرداری و یاساییەكان لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی باڵای هەرێمی كوردستان بهاوێژرێن.
بڕیاریشدرا لە هەفتەی داهاتووەوە كۆبوونەوەكان بەردەوام بێت.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پارتی دیموكراتی كوردستان
5ی كانونی دووەمی 2022