پۆلیسی هەرێم ئاماری تاوانەکانی ساڵی ڕابردووی بڵاوکردەوە

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان ئاماری تاوانەکانی ساڵی 2021ی بڵاوکردەوە و بەپێی ئامارەکە، کۆی گشتیی ڕووداوەکان لەو ساڵەدا هەشت هەزار و 933 ڕووداو تۆمارکراون.

کارزان ئەمیر وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی هەرێم ڕایگەیاند، لە ساڵی 2021دا کۆی گشتی هەشت هەزار و 933 ڕووداو تۆمارکراون.

ئاماژەی بەوە کردووە، لە سەرجەم ڕووداوەکاندا 133 کەس گیانیان لەدەستداوە و 178 کەسیش برینداربوون، سەرەڕای ئەوەی 281 هاوڵاتی ڕزگارکراون.

بەپێی ئامارەکەی پۆلیسی هەرێم، لە ساڵی ڕابردوودا 215 ڕووداوی کوشتنی بەئەنقەست لەهەرێمی کوردستان تۆمارکراون، هەروەها 59 حاڵەتی کوشتنی بەهەڵە و 287 ڕووداوی خۆکوشتن تۆمارکراون.

وتەبێژی پۆلیسی هەرێم ڕایگەیاند، حاڵەتەکانی دزی لە هەموو هەرێمی کوردستان پێنج هەزار و 530 حاڵەتی دزی بەهەموو جۆرەکانییەوە تۆمارکراوە، هەروەها خراپبەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن دوو هەزار و 334 دۆسیە هەبوون.

سەبارەت بە تاوانی ساختەکاریی تۆمارکراو وتی، بە گشتی هەزار و 300 دۆسیەی تۆمارکراو هەبوون، هەروەها تاوانی فێڵکردن شەش هەزار و 878 حاڵەت هەبوون، قومارکردن بە گشی 363 حاڵەت و سواڵکردن هەزار و 552 حاڵەت تۆمارکراون.

باسی لەوەشکرد کە لەمساڵدا ژمارەیەکی زۆری چەکی بێمۆڵەت دەستیان بەسەردا گیراوە کە ژمارەیان هەزار و 51 چەکی بێمۆڵەتن، هەروەها ئەوانەی بە تاوانی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون ژمارەیان 149 کەس بوون، ڕووداوەکانی تەقەکردنیش 204 حاڵەت بوون.

بەپێی ئاماری ڕاگەیەندراو، چوار هەزار و 670 حاڵەتی هەڕەشەکردن هەبوون، پێنج هەزار و 961 حاڵەتی شەڕکردن تۆمارکراون.

ئامارەکانی پۆلیسی دارستانیش بەمجۆرە بوون، کۆی گشتی 61 ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی هەرێم ڕوویانداوە، 563 تاوانباری سەرەکی لەلایەن پۆلیسی دارستانەوە دەستگیرکراون، هەزار و 553 داری سروشتی بڕاونەتەوە، هەزار و 321 داری سروشتی سووتاون.

هەروەها ئامارەکانی بەشی بەڵگە و تاوانی هەرێمی کوردستان دەریدەخەن، پۆلیسی بەڵگە و تاوان 963 تاوانیان تۆمارکردووە، 585 چەکی تاوانپێکراو دەستیان بەسەردا گیراوە، 735 کێشەی تەزویریش یەکلاییکراونەتەوە.

بابەتی پێشتر

یه‌كێتى و پارتى: هەڵبژاردنى په‌رلەمانی كوردستان لەكاتی خۆیدا بكرێت

بابەتی دواتر

بەهۆی تێوەگلان لە گەندەڵی بریكاری پێشووی وەزارەتی كارەبا 6 ساڵ زیندانیدەكرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share