کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەسەرۆکایەتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی لە شاری کەرکوک کۆتاییهات، ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە ئاماژە بەبەردەوامەیی هەنگاوەکانی چاکسازیی ناوخۆیی یەکێتی دەکات، هەروەها لەکۆبوونەوەکەدا پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق و شایستەکانی کورد لەبەغداد تاوتوێ کران.
مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی ڕایگەیاند، یەکێک لەتەوەرەکانی کۆبوونەوەکە رەوشی سیاسیی کوردستان و عێراق و ھەڵوێستی یەکێتی دەربارەی ئیستحقاقی کورد لە بەغدا و پێکھاتنی حکومەتێکی نوێی وڵات لەبەر رۆشنایی دەرەنجامی دوا ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران.
مەکتەبی سیاسی جەختیکردەوە لە سیاسەتی نەگۆری یەکێتی، کە پێویستە حکومەتی داھاتوو لەسەر بنەمای دەستوور و تەوافوق و شەراکەتی ڕاستەقینە نوێنەرایەتی ھەموو پێکھاتەکان بکات و پێشینەی حکومەتێکی خزمەتگوزار و دەربەست لە ئاست داخوازییەکانی گەلی عێراق بکاتە کارنامەی بەپەلەی خۆی.
ئاماژە بەوەشکراوە، تەنھا بە حکومەتێکی لەو شێوەیە پرۆسەی سیاسیی عێراق دەپەرژێتە سەر ئەرکە نیشتمانییەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و تایفەگەری و ڕاستکردنەوەی باری ئەمنی و سیاسی بەتایبەتی بۆشایی ئەمنی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکومەتی ئیتحادی کە پێویستی بە ھەماھەنگی کارا ھەیە لەنێوان ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق.
مەکتەبی سیاسی کۆبوونەوەی لە کەرکوک بە ئاماژە و پەیامێکی کوردستانی و عێراقی لە قەڵەمدا کە مەبەست لێی بایەخدانە بە ژیان و ئارامی خەڵکی ناوچە دابڕاوەکانی کوردستان بە ھەموو پێکھاتەکانییەوە کە لە جیاتی ھەموو کوردستان و عێراق قوربانییەکی زۆریان داوە لە شەڕی دژی داعش و ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان و پێویستە بە نەخشەڕێی سياسی و دەستووری کێشەکانیان چارەسەر بکرێن.
کۆبوونەوە پێداگری کرد لەسەر پێویستیی یەکخستنی بەکردەوە و کارای ھەڵوێستی کوردستانی لەبەرامبەر پێشھاتەکانی عێراق بۆ ئەوەی پرۆژەی کوردستانی ئەرکەکانی لە خزمەتی پرۆسەی سیاسی و ئیستحقاقەکانی حکومەتی تازە جێبەجێ بکات.
جەختیشکرایەوە کە لیژنە ھاوبەشەکانی یەکێتی و پارتی گەڵاڵەی بەرنامەی پێکەوەیی لەبەغداد یەکلاییبکەنەوە.
بەشێکی تری کۆبوونەوەکە تەرخانکرا بۆ کاروباری ناوخۆی یەکێتی و چاکسازی و گەشەپێدان و ھەڵوێستی حزبی و جەختکرایەوە کە پرۆسەی ڕێکخستنەوەی پەیکەری یەکێتی لە مەکتەب و ئۆرگانەکان بەردەوامە و ھەنگاو بە ھەنگاو بەرەو پێشەوە دەڕوات بۆ پتەوکردن و پوختەکردنی ڕیزەکانی یەکێتییەکەی سەرۆک مام جەلال و کۆششکردن بۆ گەنجکردنەوەی حزب لەڕێی نوێکردنەوەی بەشداریی چۆنایەتیی ژنان و لاوان لە ئۆرگان و ڕێکخراوەکانی یەکێتیدا.