سەرۆکی یانەی ڕیاڵ مەدرید لەگەڵ کیلیان مباپێ و لێپرسراوی کارەکانی ڕێککەوتنی پێشوەختەی کردووە، سەرچاوەیەکی ئیسپانیش وردەکاریی گرێبەستەکەی بڵاودەکاتەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست تۆڕی “ئەی بی سی”ی ئیسپانی کەوتووە، کیلیان مباپێ ساڵانە لە یانەی پاریس سان جێرمان مووچە بەبڕی 36 ملیۆن یورۆ بەدەستدەهێنێت، ئەگەر لەهاوینی 2022 واژوو لەسەر گرێبەستە نوێیەکەی بکات، بەڵام بەهەموو شێوەیەک ڕێککەوتنی لەگەڵ بەرپرسانی پاریس ڕەتکردووەتەوە و بڕیاریداوە پەیوەندی بە یانەی ڕیاڵ مەدریدەوە بکات.
فلۆرنتینۆ پێرێز، سەرۆکی ڕیاڵ مەدرید چنگی لە مباپێ گیرکردووە، خودی خۆی و لێپرسراوی کارەکانیشی قایلکردووە لە هاوینی 2022 بێبەرامبەر پەیوەندی پێوەبکەن.
سەرچاوەکە نووسیویەتی، بۆندی نێوان مباپێ و پێرێز واتا ڕیاڵ مەدرید بە مووچەی ساڵانەی 21 ملیۆن یورۆ واژوودەکرێت، کە دووهێندەی مووچەی هازارد و داڤید ئالابایە، هەروەها مافی فرۆشتنەوەی وێنەکانیشی نیو بەنیو لەنێوان جەمسەرەکاندا دابەشدەکرێت، هەروەها ماوەی بۆندەکە بۆ شەش ساڵ دەبێت، لەو ماوەیەدا یاریزانەکە و لێپرسراوی کارەکانی و باوکی وەک پاداشت 40 ملیۆن یورۆ بەدەستدەهێنن.