لە ڕوداوێكی گەورەی لەو جۆرەدا لە سریلانكا دەریاوانەكان خۆبەخشانە 120 نەهەنگیان ڕزگاركرد، ئەوەش پاش ئەوەی خۆیان فڕێدابووە دەرەوەی كەناراوەكانی ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە.
ئیندیاكا دی سیلڤیا، وتەبێژ بەناوی دەریاوانانی ئەو ناوچەیە بە میدیاكانی ڕاگەیاندووە، “بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 3ی تشرینی دووەم دەریاوانەكان توانییان بەشێوەیەكی زۆر سەخت 120 نەهەنگ ڕزگار بكەن و بیانگەڕێننەوە نێو دەریا”.
ئاماژە بەوەشكراوە، ئەو نەهەنگانە دوا نیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە هاتوونەتە كەناراوەكانی ناوچەی پانادۆرا لە سریلانكا كە 25 كیلۆمەتر لە باشووری كۆلۆمبۆوە دوورە.
لەسەر شێوازی پرۆسەكە، دی سیلڤیا ئاشكرایكردووە، كە دەریاوانەكان بەلەمییان بەكارهێناوە بۆ گواستنەوەی نەهەنگەكان لە كەنار دەریاكەوە بۆ شوێنە قوڵەكانی دەریاكە.
وتەبێژەكەی دەریاوانەكان ئەوەشی ئاشكراكردووە، لەكاتی پرۆسەكەدا دوو نەهەنگ مرداربوونەتەوە بەهۆی ئەوەی برینداربوون.