دەیان ژمارەی پێوانەیی بەمدواییە لەنێو كتێبی گینس-ی جیهانی لەماوەی ساڵی 2021دا تۆماركراون، وەك هەمیشە هەندێكیان نامۆ و ناباو و هەندێكی دیكەشیان مایەی سەرسامین.
كتێبەكە وەك بیرۆكە لە سەرەتای پەنجاكانی سەدەی ڕابردوو دەستیپێكرد، ئەوكاتەی سێر هیو بیفر (1890-1967) بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كارگەی كهولی (گینس) ئامادەی ئاهەنگێكی هەڵدانی ڕم و ڕاوكردن بوو لە ناوچەی ویكسفۆرد.
لەمیانەی ئاهەنگەكەدا مشتومڕێكی زۆر لەنێوان سێر هیو و میوانەكانی دەربارەی خێراترین باڵندە لە كیشوەری ئەوروپا هاتەئاراوە، بەڵام هیچ لایەكیان نەیانتوانی یەكلایی بكەنەوە لە كتێبێك كە بتوانن وەك سەرچاوەی وەڵامدانەوەكە بەكاریبهێنن، بۆیە لە ساڵی 1954 سێر هیو بیرۆكەی تۆمارەكەی لا گەڵاڵە بوو.
سێر هیو، داوای لەهەردوو برای دووانە، نۆریس ماكوایتەر (1925-2004) و ڕۆس ماكوایتەر (1925-1975)ی توێژەر و گرنگیدەر بە كۆكردنەوەی ڕاستییەكان كرد، كتێبێك بنووسنەوە و تیایدا سەرجەم زانیاری و ژمارەكان لەخۆبگرێت.
بۆیە لە 30ی تشرینی دووەمی 1954 كۆمپانیای (گینس سوپەرلتیڤز) پێكهێنرا و پاش گەڕانێكی سەرەتایی، كار لەسەر نووسینی كتێبەكە كرا، كە نزیكەی 13 هەفتە و نیوی خایاند (90 كاتژمێر كاركردن لەماوەی هەفتەیەكدا) لەنێویشیاندا پشووی هەفتانە و نیشتمانی.
بە درێژایی 60 ساڵ، تۆماری گینس بۆ ژمارە پێوانەییەكان پێگەیەكی گرنگی هەبووە و هەیە لای ئەو كەسانەی گرنگی بە زانیاری و ژمارەكان دەدەن، كتێبەكە بەردەوام بوو تا بووە یەكێك لە پڕفرۆشترین كتێبەكانی جیهان.
بەشێك لە تۆمارە نامۆ و نائاساییەكانی 2021:
لە سعودیە وەرزی ڕیاز بۆ ساڵی 2021 دوو ژمارەی پێوانەیی تۆماركرد لەڕێی یاریگایەكی خلیسكانی گەورە لە (بۆلیڤار ڕیاز سیتی).
درێژیی خلیسكانەكە دەگاتە 22.136 مەتر، هەروەك خلیسكێنەكە ژمارەیەكی پێوانەیی دیكەی تۆماركرد بەهۆی بوونی زۆرترین ڕێڕەو، بە بوونی 24 ڕێڕەو.
فلاوەرد، (لێكدراوی وشەی گوڵ بە ئینگلیزی و عەرەبی)، پێگەی یەكەمی بواری گەیاندنی گوڵ و دیاری بەشێوەی ئۆنلاین لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و میرنشینی یەكگرتوو (ئیمارات)، لەمیانەی ئاهەنگگێران بە پەنجاهەمین ساڵیادی نیشتمانیی دەوڵەتی ئیمارات، دوو ژمارەی پێوانەیی تۆماركرد، ئەویش گەورەترین وشەی دروستكراو لە گوڵ بە بەكارهێنانی 11129 گوڵ، هەروەها گەورەترین تێكەڵەی گوڵ بە 5362 گوڵ، بەرزیی پارچە هونەرییەكە پاش دروستكردنی گەیشتە 3.6 مەتر.
ڕووناككردنەوەی درێژترین درەختی كریسمس بۆ ساڵی 2021 لە جیهاندا ڕۆژی 26ی تشرینی دووەم لە ناوەڕاستی شاری ئینید لە ویلایەتی ئۆكلاهۆمای ئەمریكی چووە ژمارە پێوانەییەكانەوە، كە بەرزیی درەختەكە دەگاتە نزیكەی 77 پێ.
نیڤیل شارب لە ئوستراڵیا ژمارەیەكی پێوانەیی لە بەهێزترین دەنگی قرقێنە لەسەر ئاستی جیهان بەدەسهێنا و بە 112.4 دیسیبڵ تۆماركرا، بەمەش ژمارەیەكی پێوانەیی پێشتری شكاند، كە بە 109.9 دیسیبڵ تۆماركرابوو.
- تۆماركردنی گەورەترین تۆوی باینجان لە جیهاندا بە كێشی 3.12 كیلۆگرام، كە لەلایەن پیتەر گلازبرۆك لە نۆتنگهامشیر، لە شانشینی یەكگرتوو (بەریتانیا) چێنرا.
تۆماركردنی پاقلەیەكی درێژ بە كێشی 1.6 گرام، وەك پڕكێشترین پاقلە لە جیهاندا تۆماركرا.
میسر گەورەترین وێستگەی چارەسەری ئاوەڕۆی لە جیهاندا تۆماركرد، كە لە 27ی ئەیلول لە ناوچەی دەریاری بقر لە پارێزگای بورسەعید كرایەوە، كە توانای چارەسەرییەكەی دەگاتە 5 ملیۆن مەتر چوارگۆشە و تیچووەكەی 20 ملیار جونەی میسری بوو.
ـ پیاوێك بەناوی ئەریك لە نیویۆركی ئەمریكا 2 لیتر سۆدای لە تەنها 18.45 چركەدا خواردەوە، توانی هەموو شتێك بەیەكجار قوت بدات.
ـ سامنتا ڕامسدیل (31 ساڵ)ی ئەمریكی بووە خاوەن گەورەترین دەم لە جیهاندا، كە فراوانییەكەی دەگاتە 6.52 سم، ئەمەش ناو و ناوبانگێكی زۆری لە تیك تۆك-دا پێبەخشی و بەهۆیەوە ژمارەی فانەكانی گەیشتە زیاتر لە 1.7 ملیۆن كەس و بەهۆیەوە زیاتر لە 11 هەزار پاوەند بۆ هەر ڤیدیۆیەك بەدەستدەهێنێت.
ـ هەردوو هاوسەر كلۆوی، بە درێژیی 5 پێ و 4 بوسە و جیمس لۆستد-ی هاوسەری بە درێژی 3 پێ و 7 بوسە، ژمارەیەكی پێوانەییان تۆماركرد وەك گەورەترین جیاوازیی باڵا لەنێوان دوو هاوسەردا، بەهۆی جیاوازیی باڵایان كە دەگاتە 1 پێ و 10 بوسە.
ـلە نامۆترین ژمارە پێوانەییەكان، كە تۆمارە جیهانییەكە لە ساڵی 2021دا تۆماریكرد، ئەوەبوو كە زوی ئیلیس لە ئوسترالیا ئەنجامیدا دوای ئەوەی توانی 32 جار پانكەی كارەبایی بە زمانی بوەستێنێت.
هاوڵاتیی چینی، جیان خی، توانی ژمارەی پێوانەیی لە درێژترین برژانگ لە جیهاندا تۆماربكات كە برژانگی دەگاتە 20.5 سم، بەمەش پارێزگاری لە دەستكەوتەكەی پێشووی خۆی لە ساڵی 2016 كرد، كە ئەوكات درێژیی برژانگی 12.4 سم بوو.
جوتیارانی وڵاتی كۆڵۆمبیا ژمارەیەكی پێوانەییان تۆماركرد پاش چاندنی گەورەترین مانگۆ لە جیهاندا لە گوایاتا بە كێشی 4.25 كیلۆگرام.
یودیمیر سوبات (56 ساڵ) لە كرواتیا ژمارەی پێوانەیی ساڵی 2021ی تۆماركرد دوای ئەوەی توانی هەناسەدانی لەژێر ئاودا بۆ ماوەی 24 خولەك و 37 چركە ڕابگرێت.