شارەوانیی سلێمانی لە درێژەی هەڵمەتی ڕێکخستنەوەی شەقامەکان، فولکەی شاری سپی لە نزیک نەخۆشخانەی شۆڕش پاککردەوە و جارێکی دیکە شوێنەکە کەوتەوە دەستی شارەوانی، لەکاتێکدا پێشتر چەند جارێک شارەوانی ئەو فولکەیەی پاکردبوویەوە.
شارەوانیی سلێمانی تا ئێستا سێجار هەوڵی ڕێکخستنەوەی فولکەی شاری سپیی داوە. بەڵام دوای هەرسێ جارەكە کاسبکار و فرۆشیارەكان گەڕاونەتەوە شوێنەکە.
لە ڕاگەیەندراوێکی شارەوانیی سلێمانیدا کە وێنەیەکی بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا نێردراوە، تیایدا هاتووە، “لەپێناو پاراستنی تەندروستیی ھاوڵاتییان و ڕێگریكردن لە زیادەڕەوی بۆسەر موڵكی گشتی، تیمەكانی بەشی لابردنی سەرپێچی و زیادەڕۆیی، ئەمڕۆ بەھاوكاریی بەشی ئامێرەكان و بەشی پۆلیسی شارەوانی و هەروەها ھاوكاریی بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان ھەڵمەتیكیان ئەنجامدا بۆ فولكەی شاری سپی بەمەبەستی ڕێكخستن و پاككردنەوە و لابردنی زیادەڕەوی سەر شەقام و شۆستەكان، كە موڵكی گشتین و ڕووگای ھاتوچۆی ھاوڵاتییانە”.
ئاماژە بەوەشکراوە، “بەھاوكاریی كۆمپانیاكانی پاككردنەوە، شەقام و شۆستەكان خاوێنكرانەوە، پاشان تیمەكانی سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی داوایان لە فرۆشیاران كرد پابەندی ڕێنمایەكانی شارەوانی بن و زیادەڕەوی نەكەن بۆسەر موڵكی گشتی و پاك و خاوینیی ناوچەكە بپارێزن”.