شوێنكارێك زیاتر لە 14 ملیۆن دیناری بۆ هاتووەتەوە
لەڕێی چەند كۆمپانیایەكەوە پارەی خۆڵ و خاشاك كۆدەكرێتەوە

بڕیارەكە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە دەرچووە، بەڵام جێبەجێكردنەكەی لەلایەن كەرتی تایبەتەوە دەبێت.

لەڕێی چەند كۆمپانیایەك كە لەلایەن شارەوانییەوە تەندەریان بۆ دەرچووە، پارەی خۆڵ و خاشاك لە سلێمانی كۆدەكرێتەوە، خاوەنكارێك دەڵێت، بۆ پێنج مانگ زیاتر لە 14 ملیۆن دینار ڕسوماتی بۆ هاتووەتەوە، وتەبێژی شارەوانیش دەڵێت، تەنها ڕێككارەكەی لە شارەوانییە و پارەكە بۆ وەزارەتی داراییە.

وەرگرتنی ڕسوماتەكە لە ساڵی 2016ەوە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانەوە بڕیاری بۆ دەرچووە و ساڵی دواتر چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە.

ناوەڕۆكەكەی بریتییە لە وەرگرتنی ڕسوماتی خۆڵ و خاشاك، لەگەڵ ڕەسمی پیشەیی، كە ئەمەی دواییان ناونیشانی تابلۆی پێشانگا، دوكان و كارگەكان دەگرێتەوە و بەپێی یاساكە ساڵانە بڕە پارەیەكیان هەقی ناونیشانەكە لێدەسەندرێت.

هەرچی سەبارەت بە پارەی كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاكە، ئەمیان مانگانەیە و بەپێی شوێنەكە دەگۆڕێت، نەخۆشخانەی تایبەت و چێشتخانەكان جیاواز دەبن لەگەڵ ماڵان و دوكان.

فەرهاد سەڵاح، خاوەنی كۆمپانیایەكی بواری جوانكاریی خانمانە، لە پەیجی خۆی نووسیویەتی، بڕی 14 ملیۆن و 130 هەزار دینار پارەی خۆڵ و خاشاكی بۆ هاتووەتەوە.

ئەو كە وەسڵی ڕسوماتەكەشی بڵاوكردووەتەوە دەپرسێت، “نازانم من خۆڵ بەرهەمدەهێنم، یان مەواد دەفرۆشم؟!”.

بڕیارەكە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە دەرچووە، بەڵام جێبەجێكردنەكەی لەلایەن كەرتی تایبەتەوە دەبێت.

زەردەشت ڕەفیق، وتەبێژی شارەوانیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، كۆكردنەوەی ئەو داهاتانە لەڕێی چەند كۆمپانیایەكەوە دەبێت كە لەڕێی تەندەرینەوە لە سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی بۆیاندەرچووە.

وتیشی، “بەڵام ئەم داهاتە بۆ سەرۆكایەتیی شارەوانی ناگەڕێتەوە، بەڵكو دەگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی، تەنها ڕێككارە یاساییەكەی كە تەندەرینە لە شارەوانی كراوە”.

كۆكردنەوەی پارەكە لە ساڵی 2019ەوە لە سلێمانی و لە ساڵی 2018ەوە لە هەولێر دەستیپێكردووە، وەك ئەوەی زەردەشت ڕەفیق ئاماژەی پێدا و دەربارەی گەڕاندنەوەی پارەیەكی زۆریش وتی، “ئەگەر هەر گرفتێك لەئارادابوو یان هاوڵاتییەك ڕەخنەی هەبێت، لیژنەیەك لە سەرۆكایەتیی شارەوانی هەیە دەتوانێت سەردانی بكات، یاخود دەتوانێت سەردانی ئۆفیسی كۆمپانیاكە بكات”.

هێشتا هیچ ڕێوشوێنێك بۆ ئەو كەسانەی پابەندی پێدانی پارەكە نابن دیارینەكراوە، وتەبێژی شارەوانی دەڵێت، پێدەچێت هاوشێوەی ڕسوماتی ئاو و كارەبا لەكاتی بوونی مامەڵە لە فەرمانگە پەیوەندیدارەكان لە هاوڵاتییان وەربگیرێت.

وەرگرتنی ڕسوماتەكە لەلایەن كەرتی تایبەتەوە بە نایاسایی ناودەبرێت، پەرلەمانتارێك دەڵێت، هەوڵ بۆ ڕێگریكردنی دەدات.

عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەبارەی پێدانی ئەركی كۆكردنەوەی ڕسوماتەكە بە كۆمپانیایەك ڕایگەیاند، “ھەموو ڕێکكارێکی یاسایی و پەرلەمانی دەگرمەبەر بۆ ڕاگرتنی. بڕوانە نەک خەدەمات! حکومەت ناتوانێت پارەش کۆبکاتەوە!”.

دەشپرسێت، “وەزارەتی شارەوانی بە 40 ھەزار فەرمانبەر ناتوانێت! کۆمپانیایەک بە چەند کەسێک!”.

بابەتی پێشتر

وردەكاریی ژێرئاوكەوتنی سێ بەلەمەكەی كۆچبەران لە دەریای ئیجە ئاشكرادەكرێت

بابەتی دواتر

داکۆکیکردن لەمافی ڕۆژنامەنوسان: لە 2021دا 250 هێرش لەعێراق دژی ڕۆژنامەنووسان ئەنجامدراوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share