بەپێی ڕاپۆرتێكی ئەوروپی، مافی پەنابەری لە ئەڵمانیا بەنزیكەی سێیەك لەماوەی نۆ مانگی یەكەمی ئەمساڵدا زیادیكردووە، دوای دووبارە دەستپێكردنەوەی كۆچ لەپاش كۆتاییهاتنی كەرەنتین و ڕێوشوێنەكانی پەیوەندیدار بە كۆرۆنا، هەر بەپێی ڕاپۆرتەكە ئەڵمانیا لە پێشەوەی وڵاتانی دیكەی ئەوروپاوەیە.
بەپێی ئامارێكی نوێ، كە دوێنێ شەممە بڵاوكرایەوە، ئەڵمانیا وەك شوێنگەی یەكەمی خوازیارانی مافی مانەوە لە یەكێتیی ئەوروپا بۆ ساڵی 2021 ماوەتەوە.
ئامارەكە ئاشكرایكردووە، ئەڵمانیا 100 هەزار و 240 خواستی مانەوەی لەماوەی 9 مانگی یەكەمی ئەمساڵدا پێگەیشتووە، بە زیادبوون بە بڕی یەك لەسەر سێ بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی 2020.
هەر بەپێی ڕاپۆرتەكە ئەوروپییەكە، پشكی ئەڵمانیا لە كۆی داواكارییەكانی مانەوە 28.4%، بەراورد بە 24.3% لە ماوەی نێوان كانونی دووەم تا ئەیلولی ساڵی ڕابردوو، ئەمەش زۆر زیاترە لە هەر وڵاتێكی دیكەی یەكێتیی ئەوروپا.
فەرەنسا 73 هەزار و 255 داواكاریی پێگەیشتووە بە ڕێژەی 20%ی كۆی داواكارییەكانی مانەوە كە پێشكەش بە وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا كراون، ئیسپانیا 39 هەزار و 755 كە دەكاتە 11%، ئیتاڵیا 28 هەزار و 245 كە دەكاتە 8%ی كۆی داواكارییەكان.
هەر بەپێی هەمان سەرچاوە، لە كۆی ناوچەكانی یەكێتیی ئەوروپا كە لە 27 وڵات پێكدێت، نزیكەی 360 هەزار داواكاریی مانەوەی یەكەمجار لە ماوەی 9 مانگی یەكەمی ئەمساڵدا پێشكەشكراون، بە زیادبوون بە بڕی 15%ی هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو.
كۆچبەرانی ئەفغانستان و سوریا پشكی شێری ژمارەكەیان بەردەكەوێت، كە پێكەوە سێیەكی كۆی داواكاران پێكدەهێنن، بەدوایاندا كۆچبەرانی پاكستان و عێراق دێن.
ساڵی ڕابردوو داواكاریی مافی مانەوە بە ڕێژەی 31% لە سەرجەم ناوچەكانی ئەوروپا كەمیكرد، هۆكاری سەرەكی ئەو دۆخە بۆ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەگەڕێندرێتەوە.
هەلی زیاتر لە ئەڵمانیاوە
بەپێی ئامارەكانی یۆرۆستات، ئەو كەسانەی داواكارییان لە ئەڵمانیا پێشكەشكردووە هەلی زۆر گەورەتریان هەیە بۆ قبوڵكردنی داواكارییەكانیان، بەجۆرێك لە 9 مانگی یەكەمدا ڕەزامەندی لەسەر نیوەی داخوازییەكانی مانەوە دراوە، لەكاتێكدا داوا قبوڵكراوەكان لە فەرەنسا نەگەیشتووەتە ڕێژەی یەك لەسەر سێ.