بەشێک لەو کوردانەی لە نزیک سامەڕا دەژین، لە نامەیەکدا لە ڕێگای تۆڕی میدیایی ئێستاوە داوای هاوکاری دەکەن، وەک خۆیان دەڵێن، شەوی ڕابردوو هەڕەشەیان لێکراوە و پرسەكەش پەیوەندیی بە شەڕەكەی یاریی نێوان یانەكانی هەولێر و شوڕتەوە هەیە.
ئەو کوردانەی سامەڕا لە بەیاننامەیەکدا، کە بۆ تۆڕی میدیایی ئێستایان ناردووە، دەڵێن، ”بەهۆی ئەو شەڕەی لە یاریگای فەرەنسۆ هەریری لەنێوان لایەنگرانی یانەكانی هەولێر و شوڕتە ڕوویدا، هەڕەشەی کوشتن و شاربەدەرکردن لە زیاتر لە 200 کورد دەكرێت”.
نزیكەی دوو هەفتە پێش ئێستا لە قۆناغی 16ی جامی عێراق، هەردوو یانەی هەولێر و شورتە لەسەر یاریگای فرەنسۆ هەریری بە ئامادەبوونی زیاتر لە 10 هەزار هاندەر، ڕووبەڕووی یەک بوونەوە، هەولێر بە لێدانی یەكلاكەرەوە گەیشتە قۆناغی هەشتی پاڵەوانێتییەکە، بەڵام یارییەکە بە شەڕ و ئاژاوەیەکی گەورە تەواوبوو، کە یانەی شوڕتە هۆکارەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، هاندەرانی یانەی هەولێر قبوڵیان نەکردووە ئاڵای عێراق لەنێو یاریگای هەولێردا بەرزبکەنەوە.
هەر ئەوكات ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و هەروەها سەرۆکی یانەی هەولێر ڕەتیانکردەوە هۆکاری ئەو شەڕە بەهۆی ئاڵای عێراقەوە بووبێت.
ئەو کوردانە لە نامەکەدا دەڵێن، “ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکە هەڕەشەی لێدان و دەرکردن و کوشتنمان لێدەکرێت، بەهۆی ئەو گرژییەی لەنێوان ئەو دوو یانەیەدا ڕوویداوە”.
كوردەكان نەیانشاردەوە، كە هەڕەشەكان تەنانەت بە بەكارهێنانی چەكەوە دەكرێن، كاردانەوەكەشیان بە تائیفی وەسفكردووە.
ئەو كوردانەی لە سامەڕا دەژین، لە هۆزی جاف-ن و نزیكەی 200 كەس دەبن، ڕژێمی پێشوو ڕایگواستوون بۆ ئەو ناوچەیە.