سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر: دەكرا قوربانییانی لافاوەكە كەمتر بكەینەوە

کاریگەریی لافاوەكەی زستانی ڕابردووی هەولێر

كاردانەوەكانی پەیوەست بە لافاوەكەی هەینی ڕابردوو لە هەولێر بەردەوامە، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای شارەكە هۆكارەكەی بۆ بارینی بارانێكی زۆر لەكاتێكی كەمدا دەگەڕێنێتەوە، بەڵام لەهەمان كاتدا دەڵێت، “دەكرا قوربانییەكانی لافاوەكە كەمتر بكەینەوە”.

لەگەڵ ئەوەی بەشێك لە بەرپرسانی حكومەتی هەرێم و خۆجێی هەولێر هۆكاری بنەڕەتی ڕووداوەكانی پەیوەست بە لافاوەكەی 17ی كانونی یەكەمی هەولێر-یان بۆ كارەساتی سروشتی دەگەڕاندەوە، بەڵام واپێدەچێت بەشێكیان لەگەڵ ئەوەبن كەمتەرخەمی و نەبوونی پلانی پێشوەختەش لە ئارادایە و بەشێك لە هۆكارەكانە.

عەلی ڕەشید، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، لافاوەكە كارەساتێكی سروشتییە كە هۆكارەكەی بارانێكی زۆرە لەكاتێكی كەمدا، “بەڵام دەكرا قوربانییەكان كەمتر بكەینەوە، دەكرا دەرئەنجامەكە كەمتربووایە و بەو شێوازە نەبێت”.

بارانێكی زۆر لە ناوچەی گردیش یان چەمرگە بەرەو خوارووی دارەتوو، بووەتە هۆی كۆبوونەوەی ئاو و دروستبوونی لافاو، وەك ئەوەی عەلی ڕەشید ئاماژەی پێدا.

دەربارەی هۆكاری كۆبوونەوەی ئاوی لافاو بەو ئاستەش وتی، “لە هەندێك شوێن زیادەڕۆیی كراوەتەسەر ئەو بەستەی ڕێڕەوی ئاوی پێدادەڕوات، زبڵ و خاشاك و پاشماوەی تێكدانی خانوو لەوێ بووەتە هۆكارێك ئەو ئاوە نەتوانێت بڕوا و، وایكردووە بەستەكان بڕێك تەسك ببنەوە، لە دەرئەنجامدا ئاو بە بەرزییەكی زیاتر ڕۆیی و لایدا بەسەر ماڵاندا”.

وەك ئاماژەیەك بۆ ژمارەی زۆری قوربانییانی لافاوەكە سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر دووپاتیكردەوە، “دەكرا زەرەر و زیانەكان كەمتربكەینەوە، بارانەكە زۆر بووە لە كاتێكی زۆر زۆر كەم و زیانی لێماندەدا، بەڵام دەكرا قوربانی نەبێت، دەكرا كەمتر زەرەرمان لێبدات، دەكرا هۆشیاری هاوڵاتییان بدەین بجوڵێنەوە”.

ئاماژە بەوەشدەكات، بەڵام وەكو لافاو و كارەساتی سروشتی هەرچەندێك تەكنەلۆجیا پێشبكەوێت ناتوانیت ڕێگری لێبگری، تەنها دەتوانرێت ئاسەوار و زەرە و زیانەكان كەمبكرێتەوە.

عەلی ڕەشید، كە وەك خۆی دەڵێت پسپۆڕی لە بواری سەرچاوەكانی ئاودا هەیە، دەڵێت، تەنها بە یەك شێوە دەكرێت ڕێگری لە لافاو بكرێت، ئەویش دروستكردنی بەنداوە.

ڕوونیشیكردەوە، ناوچەكە ئەگەرچی بەنداوێكی بچوكی هەیە بەناوی بەنداوی چەمرگە و، ملیۆنێك مەتر چوارگۆشە ئاو دەگرێت، بەڵام تەواو نەبووە.

بابەتی پێشتر

ژمارەیەك فراكسیۆن و پەرلەمانتار بایكۆتی دانیشتنی پەرلەمانیان كرد

بابەتی دواتر

بێبەشكردن لە خوێندن و ئەشكەنجە.. دوایین دۆخی بەندكراوانی بادینان ئاشكرادەكرێت

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

عەلی رەشید: لە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵیدا باس لە گەڕاندنەوەی مووچەی ئەندامانی ئەنجومەن نەكراوە

سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر رایدەگەیەنێت، بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی تایبەتە بە درێژكردنەوەی تەمەنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێم لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە…
Total
0
Share