هۆشداری دەدرێت لە چۆنێتیی بەكارهێنانی غاز

بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی پارێزگای سلێمانی، ڕێنمایی و زانیاری لەبارەی چۆنێتیی بەکارهێنانی بوتڵی غاز و شێوازی سەلامەتی بەکارهێنانی لە ماڵاندا دەدات بە هاوڵاتییان.

لە راگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ سێشەممە بڵاویكردەوە، بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی پارێزگای سلێمانی رێنمایی و زانیارییەكانی خستووەتەڕوو و دەڵێت، تاوەکو هاوڵاتییان لە کارەساتی دڵتەزێن بەدووربن، پێویستە پەیڕەویان بكەن.

رێنمایی و زانیارییەكان:-

  • بەکارهێنانی بۆری و سۆندەی تایبەت و حەراریی دژەسووتان بۆ گەیاندنی غازەکە بە شوێنی مەبەست کە بەرگەی گەرمی و پەستان بگرێت.
  • نابێت سۆندەی غاز لە پشتی فڕن و تەباخەوە بگوازرێتەوە و بەردەوام کاریگەریی گەرمیی لەسەربێت.
  • بە هیچ شێوەیەک نابێت بوتڵی غاز لە شوێنی کارکردندا هەبێت یان دابنرێت لە جێگەیەک کە سەقفی گیرابێت و هەوای دەرنەچێت، وەک ژێرزەمین و کۆگا و چێشتخانە.
  • کردنەوەی غاز لەسەرە مونەزەمە لە کاتی پێویستی و ئیشکردندا و کوژاندنەوەی لە سەرە مونەزەمەوە نەک تەنها کوژاندنەوەی لە ئامێری گەرمکەرەوەکەوە.
  • لە کاتی بەستنی بەشی ژێرەوەی بوتڵی غازدا، نابێت ئاوی گەرم بەکاربهێنیت بۆ تواندنەوەی سەهۆڵەکە، بەڵکو دەبێت بوتڵی غازەکە بگۆڕدرێت و دابنرێت هەتا خۆی دەتوێتەوە، ئەم حاڵەتە کەمتر لە ماڵدا ڕوودەدات و زیاتر لە نانەواخانە و چێشتخانەکاندا ڕوودەدات بەهۆی بەکارهێنانی سەرە مونەزەمەی پەستانی هەزاری.
  • ئەگەر هەستت بە بۆنی غاز کرد لە شوێنی کارکردندا نابێت بە هیچ جۆرێک کارەبا دابگیرسێنیت، تەنانەت ئەگەر ساحیبەی هەواش بێت، چونکە بە داگیرساندنی ساحیبە یان تەنها گڵۆپێک دەبێتەهۆی دروستبوونی شەرارەی ئاگر و بە خێراترین شێوە کڵپەدەکات و کارەسات دەخوڵقێت.
  • کاتێک هەست بە بۆنی غاز دەکەیت باشترین رێگە بۆ خۆپاراستن دروستکردنی (هەواگۆڕكێ)یە، واتە دەرچە بۆ دەرچوونی غازەکە و لەم حاڵەتەشدا باشترین چارەسەر کردنەوەی دەرگا و پەنجەرەیە و چووونە دەرەوەی خۆتە لەو شوێنەدا چونکە مانەوەت تیایدا مەترسیدارە.
  • بە هیچ جۆرێک ئامێری مۆبایل نابێت ببرێتە ئەو جێگەیەی لێچوونی غاز تیایدا ڕوویداوە، چونکە بەکارهێنانی و پەیوەندیکردن بە مۆبایل مەترسیدارە لەم حاڵەتەدا.
بابەتی پێشتر

ئەنجومەنی وەزیران لەبارەی سیستمی غازەوە چەند بریارێکی دا

بابەتی دواتر

(ڤیدیۆ) سعوودیە ئەرجەنتین و جیهانی شۆک کرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share