پارێزگارى هه‌ولێر وه‌رگرتنى پاره‌كه‌ى به‌غداد ڕه‌تده‌كاته‌وه‌

پارێزگاری هه‌ولێر، ڕه‌تیده‌كاته‌وه‌ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ وه‌ربگرێت، كه‌ ئه‌مڕۆ به‌غداد بۆ هاوكاریكردنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى لافاو ته‌رخانیكردووه‌.

ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هه‌ولێر له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئاماژه‌ى به‌وه‌كردووه‌،”پێمان وایە ئەو بڕیارە بەهیچ شێوەیەک لە ئاستى چاوەڕوانى و قەبارەى زیانەکان نییە، سەرەڕاى ڕەتکردنەوەى ئەو بڕەى بۆمان دیاریکراوە کە بەهیچ شێوەیەک وەریناگرین، بێ هیوابوونى خۆمان لەهاوکاریکردنى حکومەتى عێراقی فیدراڵ نیشان دەدەین و ئەو بڕە پارەیەش قەبوڵ ناکەین”.

ده‌قی ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌

دواى ئەوەى ئەو کارەساتەى لەڕۆژى هەینى 2021.12.17 بەهۆى لافاوەوە بەسەر شارەکەمانداهات، کە سەرەڕاى زیانى گیانى قەبارەى زیانە مادیەکانیشى زۆر گەورە بوون ئەوە جگە لەزیانەکانى کەرتى گشتیى کە تەنها زیانى هاوڵاتییانى زەرەمەند بەبڕى (20) تاوەکو (21) ملیار دینار خەمڵێندراوە، بۆیە بۆ بەهاناوەچوونى زیانلێکەوتووان وەک مافێکى یاسایی خۆمان داواکاریمان پێشکەش بە حکومەتى عێراقی فیدراڵ کرد تاوەکو لەبودجەى فریاکەوتن کە مانگانە لە بودجەى دیاریکراوى هەرێمى کوردستان دەبڕدرێت ئەو بەشەى کەمافى هەرێمى کوردستانە بۆمان بیگەڕێنەوە.

بەڵام بەداخەوە ئەمڕۆ 2021.12.21 لە کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزیرانى عێراقی فیدرال بڕیاردراوە بڕى (2) ملیار دینار بۆ هەولێر بنێردرێت، کە ئەمەش بەهیچ شێوەیەک لە چاوەڕوانى ئێمەدا نەبوو لەبەرامبەر قەبارەى ئەو زیانە گەورەیەى بەهۆى کارەساتێکى سروشتییەوە بەسەر شارەکەمان داهاتووە.

بۆیە وێڕاى ئەوەى ئەوپەڕى ناڕەزایەتی خۆمان بەرامبەر بەم بڕیارەى ئەنجومەنى وەزیرانى عێراقى فیدراڵ دەردەبڕین، پێمان وایە ئەو بڕیارە بەهیچ شێوەیەک لە ئاستى چاوەڕوانى و قەبارەى زیانەکان نییە، سەرەڕاى ڕەتکردنەوەى ئەو بڕەى بۆمان دیاریکراوە کە بەهیچ شێوەیەک وەریناگرین، بێ هیوابوونى خۆمان لەهاوکاریکردنى حکومەتى عێراقی فیدراڵ نیشان دەدەین و ئەو بڕە پارەیەش قەبوڵ ناکەین، دەخوازین ئەنجومەنى وەزیرانى عێراقی فیدراڵ چاوو بە بڕیارەکەیان بخشێننەوە، چونکە ئەوەى داوامان کردووە مافێکى یاسایی ئێمەیە و بەخێر پێمان نادرێتن کە مانگانە بەناوى خەرجی سیادى لە بودجەى هەرێمى کوردستان دەبڕدرێت و ئێستاش لەو کاتەى کە پێویستمان پێیەتى دەبێت بۆمان بگەڕێننەوە.

ئومێد خۆشناو

پارێزگارى هەولێر

2021.12.21

بابەتی پێشتر

بۆردومانێكی توركیا لە حەسەكە قوربانی لێكەوتەوە

بابەتی دواتر

نزمترین ئاستی گەشەی دانیشتووان لە ویلایەتە یەكگرتووەكان تۆماركرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share