پارێزگاری هەولێر ئامادەباشی تیمەكان بۆ بەرگرتن بە مەترسییەكانی لافاو لە شارەكە و ناوچەكانی دەوروبەری ڕادەگەیەنێت و دەڵێت، مەترسی لافاو نییە، بەڵام خڕبوونەوەی ئاو هەر دەبێت.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە لێدوانێكیدا بۆ ڕۆژنامەنوسان ڕایگەیاند، مەترسییەكانی باران بەو جۆرە نییە كە بووترێت هەموو دارەتوو یان هەولێر لە مەترسیدایە، بەڵام پێشبینی بارانی زۆر دەكرێت.
وتیشی، “بۆیە بانگەواز كرا ئەو خەڵكانەی ماڵ و حاڵەكانیان لە چەند ڕۆژی ڕابردوو باران و ئاوی زۆر چوبووە ناویان و پێداویستییەكانیان لەدەستدابوو، ئاگاداركرانەوە كە شوێنی پێویستیان بۆ دابینكراوە، دیارە چەند خانەوادەیەك ئارەزووی ئەوەیان كردووە و ئەوان گوازرانەوە ئەو شوێنانە”.
بە وتەی پارێزگاری هەولێر 500 ژوور لە 21 هۆتێلی هەولێر دابینكراوە، هەر كەسێك پێویستی بەوە هەبێت دەتوانن بیانگوێزنەوە ئەو جێگایانە.
دەربارەی ئەگەری مەترسی لافاو و دووبارەبوونەوەی ئەو ڕووداوانەی لە بەرەبەیانی هەینی ڕابردوو ڕوویاندا ئومێد خۆشناو باسی لەوەكرد، “پێشبینی بارانی زۆر دەكرێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە هەرچی كراوە و ئەوەی لەتوانادابێت حكومەت كردویەتی، بەپێی ئەو كارانەش كە كراوە دڵنیاین لافاو ڕوونادات، بەڵام خڕبوونەوەی ئاو هەر دەبێت”.
دەربارەی دەوامی سبەی فەرمانگەكانیش ئاماژەی بەوەكرد، هیچ هۆكارێك نییە بۆ دەوام ڕاگرتن، بەڵام لە هەمان كاتدا دەسەڵات بە بەڕێوەبەری ناحیە و قەزاكان دراوە لەكاتی پێویستدا پشوو لە ناوچەكانیان ڕابگەیەنن و لەو چێوەیەشدا پەروەردەی دەشتی هەولێر ڕایگەیاند كە سبەی لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەكەیان پشوو دەبێت.