بەهۆی دەركەوتنی كاریگەرییەكانی شەپۆلی دووەمی بارانبارین، لە هەولێر فەرمانگە پەیوەندیدارەكان خرانە حاڵەتی ئامادەباشییەوە، وتەبێژی بەرگریی شارستانی دەڵێت، تەواوی تیمەكانیان ئامادەباشن بۆ هەر ئەگەرێكی نەخوازراو.
وەك پێشبینی دەكرا كاریگەری شەپۆلی دووەمی باران ڕووی لە هەرێمی كوردستان كردووە و ئەمڕۆ بارانبارینی بەخوڕ و پچڕپچڕ ڕووی لە زۆرینەی ناوچەكان كردووە.
بەهۆی مەترسیی دووبارەبوونەوەی ئەو ڕووداوانەی لە ئاكامی شەپۆلی یەكەمی باران لە هەولێر و دەوروبەری كەوتەوە و بووە هۆی گیانلەدەستدانی 12 كەس و زیانگەیاندن بە چەندین ماڵ، كۆگا و ئۆتۆمبێلی هاوڵاتییان كە بە نزیكەی 21 ملیار دینار خەمڵێندرا، ڕێكاری جۆراوجۆر لە هەولێر گیراوەتەبەر، ئەمەش دوای ئەوەی پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و ئامادەبوونى فەرمانگە پەیوەندیدارەکان کۆبوونەوەیەکى فراوان ئەنجامدرا.
بەپێی ڕاگەیەندراوێكی كۆبوونەوەكە، پارێزگاری هەولێر سەرجەم لایەنەكانی ڕاسپاردووە “هەرچى زووە و پەلەبکەن لە گرتنەبەرى هەموو ڕێوشوێنێکى پێویست بۆ بەرگرتن و ڕووبەڕووبوونەوەى مەترسییەکانى لافاو”.
پێشتر دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە كە تیمەكانی پۆلیس و بەرگریی شارستانی داوایان لە ژمارەیەك لە هاوڵاتییانی گەڕەكی دارەتوو كردووە بەهۆی مەترسیی لافاوەوە ماڵەكانیان جێبهێڵن.
بەڵام سەركەوت كاڕەش، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، تەواوی تیمەکانیان لە حاڵەتی ئامادەباشیدان بۆ هەر ئەگەرێکی نەخوازراو و لەئێستاشدا هیچ ئەگەرێک نیە بۆ دروستبوونی لافاو.
داواشی لە هاوڵاتییان کرد ترس و دڵەڕاوکێیان لادروست نەبێت ئەوان لەسەر هێڵن بۆ هەر ڕووداوێک و بەردەوام لەسەر خەت دەبن.
لە دارەتوو كە زۆرترین مەترسی لافاو لە ئارادایە لەلایەن هێزەكانی پۆلیس و بەرگریی شارستانییەوە داوا لە هاوڵاتییان كراوە، ئەوانەی لە خانووی دوو نهۆمدان، بچنە نهۆی سەرەوە، ئەوانەش كە خانووەكانیان یەك نهۆمە، خانووەكانیان بۆ شوێنێكی پارێزراو جێبهێڵن، ئەمەش بەهۆی مەترسییەكانی لافاوەوە، وەك ئەوەی دانیشتوویەكی گەڕەكەكە بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت.