له‌ ناوچه‌ كوێستانییه‌كان په‌ڵه‌یداوه‌ و جوتیاران ده‌توانن بنه‌تۆو بچێنن

وته‌بێژى وه‌زاره‌تى كشتوكاڵى هه‌رێمى كوردستان دەڵێت، له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كى هه‌رێمى ‏كوردستان په‌ڵه‌یداوه‌ و جوتیاران ده‌توانن بنه‌تۆو بچێنن، به‌ڵام له‌ گه‌رمیان و كه‌ركوك ‏بارانى پێویست نه‌باریوه‌. ‏

حسێن حه‌مه‌كه‌ریم، وته‌بێژى وه‌زاره‌تى كشتوكاڵى هه‌رێمى كوردستان به‌ تۆڕی میدیایی ‏ئێستاى ڕاگه‌یاند، “به‌و بارانه‌ى كه‌ باریوه‌ له‌ هه‌ندێك ناوچه‌، بەتایبەت وه‌كو ‏كوێستانییه‌كان، په‌ڵەیداوه‌ و جوتیاران ده‌توانن، بنه‌تۆوی خۆیان بچێنن، به‌ڵام له‌ گه‌رمیان و ‏كه‌ركوك بارانبارینەكە له‌ ئاستى پێویستدا نییه‌”. ‏

بەڵام وتەبێژەكەی وەزارەتی كشتوكاڵ دڵنیایی دا لەوەی، “هه‌رچه‌نده‌ له‌ گه‌رمیان و ئه‌و ‏ناوچانه‌ كاته‌كه‌ى دره‌نگه‌ بۆ چاندنى بنه‌تۆو و ئەوەش كاریگه‌ریی ده‌بێت له‌سه‌ر جۆر و ‏بڕی به‌رهه‌م، به‌ڵام هێشتا كات ماوه‌ و زۆر دره‌نگ نه‌بووه‌ كه‌ جوتیاران نه‌توانن بنه‌تۆو ‏بچێنن”. ‏

لەبارەی كەمبارانی لە ناوچەكانی گەرمیان و كەركوك و چاندنی بنەتۆو، بەرپرسەكەی ‏وەزارەتی كشتوكاڵ وتی، “ئه‌و ناوچانه‌ بارانى پێویستی لێنه‌باریوه‌، بۆیه‌ ئه‌و جوتیارانه‌ى ‏كه‌ پشتیان به‌ باران به‌ستووه،‌ باش نییه‌ بنه‌تۆو بچێنن و سوودى لێنابینن، به‌ڵام ئه‌و ‏جوتیارانەی كه‌ به ‌هۆكاره‌كانى ئاودێری بنه‌تۆو ده‌چێنن، كێشه‌یان بۆ دروستنابێت”. ‏

وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ وتیشی، “ئه‌گه‌ر له‌م چه‌ند ڕۆژەدا‌ باران ببارێت له‌و ‏ناوچانه‌ى باران كه‌م باریوه‌، جوتیاران ده‌توانن بنه‌تۆو بچێنن، به‌ڵام باران له‌وه‌ زیاتر ‏دوابكه‌وێت، سوودى نابێت”.‏

بابەتی پێشتر

ڤیدیۆ.. دەنگی تەقینەوە لە ئاسمانی بنکەی بوشەهری ئێرانی بیسترا

بابەتی دواتر

ڕۆڵی ئیسرائیل لە كوشتنی سلێمانی دا چی بووە؟

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

نرخی مریشك هەرزانبوو

بەڕێوەبەری چاودێری و بارزگانیی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، نرخی مریشك بە بەراورد بە چەند ڕۆژی ڕابردوو هەرزان بووە و لە…
Total
0
Share