ڕێگریكردن لە نمایشكردنی فیلمێكی ڕۆژئاوای كوردستان لە فێستیڤاڵی فیلمی سلێمانی، كاردانەوەی بەرهەمەكانی دیكەی ڕۆژئاوای لێكەوتەوە و لە فێستیڤاڵەكە كشانەوە.
شەوی ڕابردووتر لە فێستیڤاڵی فیلمی سلێمانی نمایشكردنی فیلمی “ژ بۆ ئازادیێ” ئاستەنگ كرا و نەهێڵرا نمایشبكرێت، كە فیلمێکی درێژی کوردییە و باس لە بەرخۆدانی سووری ئامەد دەکات لە شەڕی ناوشار لە باکووری کوردستان، فیلمەكەش بەرهەمی ڕۆژئاوای كوردستانە.
ڕێکخەرانی فێستیڤاڵەکە پاساوی “هونەری”یان بۆ ڕێگریكردن لە فیلمەکە هێنایەوە، بەوەی کە ساڵی 2019 بەرهەمهاتووە و ئەمانیش بڕیاریانداوە تەنها فیلمەكانی 2020 بەرەو سەرەوە نمایشبكەن، بەڵام هەر لە کارنامەی فێستیڤاڵەکەدا دوو فیلمی دیکە دانراون، کە یەکێکیان بەرهەمی 2014یە و ئەوی دیکەش بەرهەمی 2019یە و نمایشدەکرێن.
لەكاردانەوەی ئەو ئاستەنگكردنەدا، دوێنێ كۆمینی فیلمی ڕۆژئاوای کوردستان بڕیاریدا هەردوو فیلمی “وەرزی تووتڕک” و “ژ بۆ ئازادیێ” لە فێستیڤاڵەكە بكشێنێتەوە.
وەك پشتگیرییەك بۆ ئەو هەڵوێستەی فیلمەكانی ڕۆژئاوا، بەڵگەفیلمێكی دیكەی ڕۆژئاوای كوردستان، كە لە فێستیڤاڵەكەدا بەشداربوو، ئەویش كشایەوە.
بەڵگەفیلمەكە ناوی “ڕووناك”ــە و ستافی بەرهەمهێنەری فیلمەکە لە پەیامێکی فەرمیدا، کە ئاراستەی دەستەی ڕێکخەرانی فێستیڤاڵەکەیان کرد، کشانەوەی خۆیان ڕاگەیاند.
بەڵگەفیلمی “ڕووناک” لە دەرهێنانی باوەڕ ئۆغورلو-وە و لە ڕۆژئاوای کوردستان بەرهەمهێنراوە، وابڕیاربوو شەوی ڕابردوو کاتژمێر 8:00ی شەو لە فێستیڤاڵەکە نمایشبکرێت.
لەبارەی پوختەی بەڵگەفیلمەکەوە، دەرهێنەر دەڵێت، “ئەمە بەڵگەفیلمێکە دەربارەی چیرۆکی ژیانی بایۆگرافیای ڕووناک موراد، ڕووناک لەساڵی 1965 لەشاری تربەسپی لە ڕۆژئاوای کوردستان لەدایکبووە، دواتر دەگوازرێتەوە بۆ شاری حەلەب بەمەبەستی خوێندن لە زانکۆ، لەساڵانی خوێندنی زانکۆدا ئاشنادەبێت بە دۆزی ئازادیی گەلی كورد و بەشداریی بەرخۆدانی گەریلا دەبێت، ساڵانی دواتر بەردەوامبوو لە تێکۆشان و لەو ماوەیەدا 10 ڕۆمانی نووسیوە”.