وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار: پرۆسەی دابەشکردنی زەوی خێراتر دەکرێت

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، رایدەگەیەنێت، “پرۆسەی دابەشکردنی زەوی خێراتر دەکرێت”.

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ‎ئەمڕۆ یەكشەممە، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بەمەبەستی خێراكردنی پرۆسەی دابەشكردنی زەوی، چوارەمین كۆبوونەوەی لەگەڵ راوێژكاران، بەڕێوەبەرانی گشتی لە وەزارەت و سەرجەم بەڕێوەبەرانی گشتیی شارەوانییەكان و سەرۆكی شارەوانییەكان و بەڕێوەبەرانی نەخشەدانانی ئاوەدانی لە پارێزگە و ئیدارە سەربەخۆكان ئەنجامدا.

‎بەپێی راگەیەندراوەکە، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەو كۆبوونەوەیەدا رایگەیاند، لەئەمڕۆوە سەرجەم شارەوانییەكان و نەخشەدانانی ئاوەدانی پێویستە بە هاوئاهەنگیی لەگەڵ پارێزگاكان و بەڕێوەبەرایەتییەكانی كشتوكاڵ و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكانی سنوورەكانیان كار بۆ خێراتركردنی پرۆسەی دابەشكردنی بكەن، ئەو كێشانەی دێنە بەردەم پرۆسەكە لە چوارچێوەی ئەو دەسەڵاتانەی بە شارەوانییەكان دراوە چارەسەریبكەن.

‎لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، دەسەڵاتی بە شارەوانییەكان دا بۆ ئەوەی بە هاوئاهەنگیی لەگەڵ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكان كاری جددی بكەن وەكوو دانانی نەخشە و دیاریكردنی زەوی و هەروەها دابینكردنی فەرمانبەر و ئەندازیار بۆ راییكردنی كارەكانی دابەشكردنی زەوی، هەروەها جەختی لەسەر قەرەبووكردنەوەی ئەو كەسانەش كردەوە كە زەوییەكانیان دەكەونە ناو ئەو زەوییانەی دابەشدەكرێن.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share