لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بەهۆی دابەزینی بەهای لیرە، کڕینی موڵک لە تورکیا بەردەوام بازاڕی گەرم بووە، ئێستا بەهۆی دابەزینی زیاتری بەهای لیرەوە، ڕیکۆردی ساڵی ڕابردوو لە کڕینی موڵک لەلایەن کەسانی دەرەکییەوە لە تورکیا شکاوە.
ئامارێکی نوێی یورۆ نیوز نیشانی دەدات، فرۆشتنی موڵک بە کەسانی دەرەوەی توركیا لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا 50% زیادیکردووە و ملیاران دۆلار لەو ڕێگایەوە براوەتە تورکیا.
ئەو ملیاران دۆلارەی لە ڕێگای فرۆشتنی موڵک بە کەسانی بیانی ڕۆشتووەتە تورکیا، نەیتوانیووە هاوکاریی وڵاتەکە بکات بۆ ڕاگرتنی بەهای دراوەکەی و ڕێگریكردن لە دابەزینی.
مانگەکانی کۆتایی ئەمساڵ بازاڕی کڕینی موڵک لە تورکیا بازاڕێکی گەرم و پڕ لە خواست بووە و بەگشتی لەماوەی ساڵێکدا %59 زیاترە لە ساڵی ڕابردوو، بە جۆرێک ئەمساڵ 178 هەزار و 814 موڵک بە کەسانی بیانی فرۆشراون.
فرۆشتنی موڵک بە کەسانێک کە هەڵگری ڕەگەزنامەی تورکی نین لەماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا بەردەوام سەرمایەیەکی گەورەی بۆ ئەو وڵاتە كۆکردووەتەوە و تورکیا خانوو و موڵکەکان بەمەرج بەکەسانێک دەفرۆشرێت کە هەڵگری ڕەگەزنامەی تورکی نین، بە جۆرێک، خاوەنی موڵکەکە ماوەی 50 ساڵ یان کەمتر دەبێتە خاوەنی ئەو شوێنە و دوای ئەو ساڵانە موڵکایەتییەكەی دەگەڕێتەوە بۆ شارەوانی، لەگەڵ ئەوەش ئەو موڵک و خانووانە نابنە میرات بۆ منداڵانی کڕیار.