پارێزگای هەولێر ڕایدەگەیەنێت، هەر هاوڵاتییەك بەڵگەنامەی فەرمی و پێداویستییەكانی خانوو یان ئۆتۆمبێلی بەهۆی لافاوەكەوە لەدەستچووە، قەرەبوودەكرێتەوە بەبێ ئەوەی هیچ تێچوویەك بدات.
پارێزگای هەولێر ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و دەڵێت، سەرجەم هاوڵاتییان و زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی هەولێر ئاگاداردەکەینەوە، کە لەسەر فەرمانی وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێم، هەر هاوڵاتییەک، ساڵیانه یان مۆڵهتی شۆفێری و تابلۆكانی ئۆتۆمبێلهکەى یاخود تاپۆى خانوو و گرێبەستى هاوسەرگیرى، یان ناسنامەى بارى شارستانى و ڕەگەزنامە و پاسپۆرت و کارتى نیشتمانى و کارتى زانیارى و پسووڵەى خۆراک و هەر بەڵگەنامەیەکى دیكەی فەرمیى حکومى بههۆی لافاوهوه ونبووە یاخود زیانى پێگەیشتووە و تێکچووبێت، قەرەبوودەکرێتەوە بەبێ ئەوەی هیچ تێچوویەک بدات.
پارێزگای هەولێر مەرجی ئەو كارەش دیاریدەكات و دەڵێت، لە کاتی سەردانیکردنیان بۆ فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەکان پێویستە پشتگیرییەکی ناحیە یان قائیمقامیەتەکان و بەڕێوەبەرایەتیی قەیرانەکانی پارێزگای هەولێرى پێبێت و تێیدا دیاریبکرێت کە زیانەکان بەهۆی لافاوەوە بوون.