پارێزگاری هەولێر بڕی زیانەکانی لافاوەکەی ڕۆژی 17ی ئەم مانگەی لە هەولێر ڕاگەیاند و بەپێی خەمڵاندنی لایەنە پەیوەندیدارەکان، ئەو زیانانەی بەهۆی لافاوەکەوە بەر پارێزگاکە کەوتوون بایی 20 بۆ 21 ملیار دینارن.
بەپێی وتەی ئومێد خۆشناو، زیانە گیانییەکان گیانلەدەستدانی 12 کەسن کە تەرمی 10یان دۆزراونەتەوە و دوو کەسیان تائێستا بێسەروشوێنن.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئومێد خۆشناو ڕایگەیاند، لافاوەکە 15 شوێنی لە گوند، ناحیە، قەزاکان و ناوشاریش گرتووەتەوە و زیانەکان بەکۆی گشتی 20 بۆ 21 ملیار دینار دەخەمڵێندرێن.
بەپێی ئەو بەدواداچوونانەی لیژنە تایبەتمەندەکان کردوویانە، دوو هەزار و 509 خێزان کەلوپەلی ناوماڵیان بەتەواوی لەدەستداوە، 402 خانوو زیانی زۆریان بەرکەوتووە، 867 ئۆتۆمبێل زیانیان بەرکەوتووە کە بەشێکیان حکومین، 153 دوکان، مارکێت و گەراج زیانیان بەرکەوتووە، بەشێکی زۆر لە زەویی کشتوکاڵی و ئاژەڵ زیانیان بەرکەوتووە.
ئەو زیانانەی بەر موڵکی گشتی كەوتوون زۆرن لەوانە شەقامەکان، تۆڕەکانی کارەبا و ئاو، هەروەها بەنداوەکانی بێستانە و کەردز کە زیانی زۆریان بەرکەوتووە و مەترسییان لەسەرە و ئێستا تیمەکان بۆ چاککردنەوەیان کاریان تێدادەکەن.
ڕاشیگەیاند، “ئەمڕۆ هەژمارێکی نێودەوڵەتیی دیکەمان بۆ ڕەوەندی کورد و ڕێکخراوەکانی دەرەوەی وڵات کردووەتەوە تاوەکو لەوڕێگەیەوە هاوکارییەکان بگەیەندرێنە زیانلێکەوتووەکانی لافاوەکە، ئەمڕۆ ئەو هەژمارە ڕادەگەیەنین”.
داواشی لە حکومەتی عێراق کرد لە بودجەی فریاکەوتن پاڵپشتیی هەرێمی کوردستان و هەولێر بکات، چونکە زیانەکان زۆرن و مافێکی یاسایی و دەستووریی هەرێمی کوردستانە.
وتیشی، “داواکاریمان داوەتە نێردەی وڵاتانی جیهان و هیوادارین هاوکار و پاڵپشتمان بن”.
پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، کە ئەمساڵ وەک پارێزگا هیچ بۆنەیەکیان بۆ سەری ساڵی نوێ نابێت.