سزای سێدارەی بەندكراوێكی سیاسیی كورد لە سنە جێبەجێكرا

مافی دواهەمین چاوپێکەوتنی لەگەڵ بنەماڵەکەی پێنەدراوە

سزای لەسێدارەدانی حەیدەر قوربانی، بەندکراوی سیاسیی كورد لە گرتووخانەی ناوەندیی شاری سنە جێبەجێکرا.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویكردەوە، کاتژمێر 4ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ سزاكە بەنهێنی جێبەجێكراوە بەبێ ئەوەی مافی دواهەمین چاوپێکەوتنی لەگەڵ بنەماڵەکەی هەبێت، دوای ئەوەی کاتژمێر 11ی شەوی ڕابردوو گواسترابووەوە بۆ ژووری تاکەکەسی.

ڕێكخراوەكە لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی سزادراوەكەوە وتی، “کاتژمێر 5ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ زەنگیانداوە و وتوویانە حەیدەر بەڕێدەکەین بۆ تاران، وەرن چاوتان پێیبکەوێت و کاتێک ڕۆشتووین ئێمەیان بردە گۆڕستانی سنە و وتیان حەیدەر لەسێدارەدراوە و ئەمە گۆڕەکەیەتی، تەنانەت ڕێگەیان نەداوە تەرمەکەی ببینن”.

لای خۆیەوە پەیوەندییە گشتییەکانی دەزگای دادی پارێزگای سنە بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک هەواڵی لەسێدارەدانی حەیدەر قوربانیی بە فەرمی پشتڕاستکردەوە.

حەیدەر قوربانی لە 16ی تشرینی یەكەمی 2016 لەگەڵ برایەکی خێزانیدا بەناوی (مەحمود سادقی) لە ماڵەكەیدا دەستبەسەركران. بەپێی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو چەندین مانگ لە ژووری تاکەکەسیدا و بەوتەی کەسە نزیکەکانیان لەژێر توندترین ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونیدا بوون و لە ئاکامدا حەیدەر قوربانی-یان ناچارکرد کە لە کەناڵی پرێس تیڤی، كە بە زمانی ئینگلیزی پەخشدەكات، بە زۆرەملێ دانپێدانان بکات.

حەیدەر قوربانی لە مانگی كانونی دووەمی 2021 لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنە تۆمەتی “بەغی” و “هاوکاری و ئەندامێتی لە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران” سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.

بابەتی پێشتر

زیانەکانی لافاوەکەی هەولێر 20 بۆ 21 ملیار دینارن

بابەتی دواتر

یەكێتی و پارتی پشتیوانیكردنی حكومەتی هەرێم بۆ چارەسەركردنی كێشەكان نیشاندەدەن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share