فیلمێك، كە لە ڕۆژئاوای كوردستان بەرهەمهێنراوە و باس لە بەرگرییەكی ناوشار لە باكووری كوردستان دەكات، لەلایەن ڕێكخەرانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی ڕاگیرا، ستافی فیلمەكە هۆكارەكەی بۆ دەستێوەردانی سیاسی دەگەڕێننەوە، ڕێكخەرانیش هۆكارێكی دیكە باسدەكەن.
بڕیاربوو كاتژمێر 10:00ی شەوی ڕابردوو فیلمی (ژ بۆ ئازادیی) لە دووەمین ڕۆژی فێستیڤاڵی فیلمی سلێمانیدا نمایشبکرێت، بەڵام بەگوێرەی ستافی فیلمەکە، کە فیلمێکی درێژی کوردییە و باس لە بەرخۆدانی سووری ئامەد دەکات لە شەڕی ناوشار لە باکووری کوردستان، لەلایەن ڕێکخەرانی فێستیڤاڵەکەوە نمایشکردنی فیلمەکە ڕاگیراوە.
ڕێکخەرانی فێستیڤاڵەکە پاساوی “هونەری” بۆ ڕێگریكردن لە فیلمەکە دەهێننەوە، بەوەی کە فیلمەکە ساڵی 2019 بەرهەمهاتووە و ئەمانیش بڕیاریانداوە تەنها فیلمەكانی 2020 بەرەو سەرەوە نمایشبكەن، بەڵام هەر لە کارنامەی فێستیڤاڵەکەدا دوو فیلمی دیکە دانراون، کە یەکێکیان بەرهەمی 2014یە و ئەوی دیکەش بەرهەمی 2019یە و نمایشدەکرێن.
دانەر عومەر، بەڕێوەبەری فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی لەبارەی ڕاگرتنی ئەو فیلمەوە ڕاگەیاندووە، “بڕیارمانداوە هەر فیلمێک بەرهەمی ساڵی 2020 بەدواوە بێت لە فێستیڤاڵەکە نمایشی بکەین، بەڵام فیلمی (ژ بۆ ئازادیی) ساڵی 2019 بەرهەمهاتووە، ئەوەش وایکردووە ڕەخنە بێتە سەرمان”.
ئاژانسی ڕۆژنیوزی نزیك لە پەكەكە لە زاری بەڕێوبەری فێستیڤاڵەکە جەختیشیکردەوە، فیلمەکە “ئاستەنگ ناکرێت بەڵکو تەنها نمایشکردنی دوادەخرێت”.
فیلمی (ژ بۆ ئازادیی) بەرهەمی کۆمینی فیلمی ڕۆژئاوای کوردستانە و ئەرسین چەلیک کاری دەرهێنانی بۆکردووە، ماوەی فیلمەکە 142 خولەکە و باس لە بەرخۆدانی سووری ئامەد دەکات لەماوەی شەڕی ناوشار لە باکووری کوردستان.
ستافی بەرهەمهێن دواخستنی نمایشی فیلمەکەیان بە “سیناریۆ” لەقەڵەمدەدەن و پێیانوایە، هۆکاری سیاسیی لەپشت ئاستەنگکردنی نمایشی فیلمەکەوە هەیە.
بەڵام دانەر عومەر ئەو زانیارییە ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت، “بەهیچ شێوەیەک هۆکاری سیاسیی لەپشت دواخستنی نمایشی ئەو فیلمەوە نییە”.