هەڵبژاردنەكانی ئەمریكا بە ژمارە

كێبڕكێی ئەمساڵ بۆ گەیشتن بە كۆشكی سپی چەندین ژمارەی پێوانەیی شكاند، لە ژمارەی دەنگدەرانی پێشوەختەوە بۆ تێچووی بانگەشەی سیاسی و چەندانی تر، بەڵام چەندین ژمارەی تریش بەم هەڵبژاردنەوە بەستراونەتەوە.

ژمارە 3
3ی تشرینی دووەم وادەی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی و كۆنگرێس و ئەنجومەنی پیرانە، سەرەڕای ژمارەیەك هەڵبژاردنی دیكەی ناوخۆیی لەسەر ئاستی ویلایەتە یەكگرتووەكان. بەشێوەیەكی گشتی وادەی هەڵبژاردن لەو سێشەممەیەی بەدوای دووەم ڕۆژی تشرینی دووەمدا دێت دیاریدەكرێت.

ژمارە 10
پێشبینی دەكرێت 10 ویلایەت ببنە هۆی یەكلاكردنەوەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، كە تیایاندا دەنگدەران هاوسۆزییان بۆ هەردوو پارتی كۆماری و دیموكراتی لە گۆڕانكاریدایە.

هەریەك لە بنسلڤانیا و وسكۆنسن و میشیگین و فلۆریدا و ئەیوا و ئۆهایۆ، ڕۆڵی سەرەكییان گێڕا لە سەركەوتنی دۆناڵد ترەمپ لە ساڵی 2016دا.

بەپێی ڕاپرسییەكانیش جۆ بایدن دەتوانێت ببێتە هاندەری ویلایەتە كۆمارییەكان وەك جۆرجیا و ئەریزۆنا و كارۆلاینای باكور و تەكساس، بۆ گۆڕینی هاوسۆزییان بۆ پشتیوانی پارتی دیموكرات لەمساڵدا.

35+435
سەرەڕای دەنگدان بۆ سەرۆك، ملیۆنان دەنگدەری ئەمریكی ئەندامانی كۆنگرێس-یش هەڵدەبژێرن، كێبڕكێ لەسەر 35 كورسی ئەنجومەنی پیران دەبێت، سەرجەم كورسییەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانیش 435 كورسییە.

لەئێستادا دیموكراتەكان كۆنتڕۆڵی ئەنجومەنی نوێنەرانیان كردووە، ئەمەش تایبەتمەندییەكە كە بەپێی وتەی شارەزایان بەدوور دەزانرێت لەدەستی بدەن.

ئەگەر بایدن بە سەرۆك هەڵببژێردرێت و دیموكراتەكانیش دەسەڵاتیان بەسەر ئەنجومەنی پیراندا باڵا بێت، پارتەكە گرنگترین پێگەكانی دەسەڵاتی فیدڕاڵی لە واشنتن دەگرێتەدەست بۆ یەكەمجار لەدوای سەرەتای سەردەمی سەرۆكایەتی باراك ئۆباما-وە.

270
دیموكراسیەت لە ئەمریكا لەڕێی شێوازێكی تایبەتمەندەوەیە لەسەر ئاستی نیشتیمانی كە ئەویش كۆكراوەی هەڵبژاردنە. لەجیاتی دەنگدانی ڕاستەوخۆ بە پاڵێوراوی خوازراویان، ئەمریكییەكان لە بنەڕەتدا دەنگ بۆ 538 پاڵێوراو دەدەن كە ئەوان سەرۆك هەڵدەبژێرن.

لەپێناو سەركەوتن لە هەڵبژاردنەكانیشدا، پێویستە لەسەر پاڵێوراو زۆرینەی ڕەهای دەنگەكانی دەستەی هەڵبژێردراوان بەدەستبهێنێت، ئەمەش 270 دەكاتە ژمارەیەكی ئەفسوناوی.

230 ملیۆن
230 ملیۆن ئەمریكی مافی دەنگدانیان لە هەڵبژاردنەكانی ئەمریكادا هەیە، سەرەڕای ئەوەی بەشی زۆریان بەشداری تیادا ناكەن، بەڵام هەڵبژاردنەكانی 2020 ڕێژەی بەشداریكردن تیایدا پێوانەیی دەبێت.

ڕێژەی بەشداری پێشوەخت ئەو ژمارانەی تێپەڕاند كە لە ساڵانی پێشوودا تۆماركرابوون، زۆرێك لە دەنگدەران پێیان باشبوو پێشوەختە كارتەكانی دەنگدانیان پڕبكەنەوە بۆ دووركەوتنەوە لە وەستان لە ڕیزە درێژەكاندا لە ڕۆژی دەنگدان، كە لە سەردەمی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنادا بەڕێوەدەچێت، بەجۆرێك تا ڕۆژی هەینی نزیكەی 84 ملیۆن كەس بەشداری دەنگدانەكەیان كردووە.

زیاتر لە شەش ملیار دۆلار
هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن ژمارەیەكی پێوانەیی تۆماركرد لەڕووی خەرجییەوە، كە هەردوو پاڵێوراو 6.6 ملیار دۆلاریان خەرجكردووە، كە بە دوو ملیار دۆلار زیاترە لەو بڕەی چوار ساڵ لەمەوبەر لەمیانەی كێبڕكێكانی نێوان ترەمپ و هیلاری خەرجكرا.

لەمەیاندا هەڵمەتی بایدن باڵادەستربوو، بەهۆی پڕكردنەوەی میدیاكان لە ویلایەتە سەرەكییەكاندا بە بانگەشەی سیاسی.

بەشێوەیەكی گشتیش زیاتر لە 14 ملیار دۆلار لە ماوەی پێش هەڵبژاردنی 3ی تشرینی دووەم خەرجكرا، چونكە زیاتر لە حەوت ملیار دۆلار لەو بڕە بۆ هەڵبژاردنی كۆنگرێس تەرخانكرا.

 


 

بابەتی پێشتر

تەوێڵە.. كرێكارێك بە بەركەوتنی تەزووی كارەبا گیانی لەدەستدا

بابەتی دواتر

پشكنینێكی نوێ توشبوون بە كۆرۆنا لە چەند چركەیەكدا ئاشكرادەكات

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

سلێمانی.. دوو تۆمەتبار دەستگیركران

مەفرەزەكانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، دوو تۆمەتباریان دەستگیركرد كە دەستكاری ماوەی بەسەرچوونی چەند كارتۆنێك خورمایان كردبوو. سەركەوت ئەحمەد،…
Total
0
Share