بازاڕی دۆلارەکەی شاری هەولێر ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکەنەوە کە باس لە دزرانی 103 ملیۆن دۆلاری دۆلارفرۆشانی ئەو بازاڕە دەکەن، ئەنجومەنی بازاڕەکەش دەڵێت، هەموو بازاڕی دۆلارەکەی شاری هەولێر ئەو بڕە پارەیەی تێدا نییە.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەنگۆی دزرانی 103 ملیۆن دۆلار لە بازاڕی دۆلارەکەی هەولێر لەلایەن بانکێکی لوبنانییەوە بڵاوبووە، بەڵام لە بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی ئێستادا، خودی دۆلارفرۆشانی بازاڕی دۆلارەکەی هەولێر ئەو دەنگۆیانە بەدرۆدەخەنەوە.
لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا، شەهاب حاجی، ئەنجومەنی بازاڕی دۆلارەکەی شاری هەولێر ڕایگەیاند، ئەو هەواڵە دوورە لەڕاستییەوە و هیچ بنەمایەکی نییە، هیچ کەسێک تەنانەت 250 دیناری عێراقیشی لێنەبراوە.
سەبارەت بە دەنگۆکان وتی، ئەوەی باس دەکرێت سەبارەت بە بانكێکی بەغدادە، کە ئێستا بەهۆی سەری ساڵی نوێوە کارەکانیان ڕاگیراوە، ئەگەر نا، ئەوەی دیکە “دەنگۆیە بۆ شکاندنی سومعەی هەرێمی کوردستان و بازاڕی دۆلارەکەی هەولێر”.
جەختیکردەوە، لە نزیکەی هەزار نووسینگە کە لەبازاڕی دۆلارەکەی هەولێر مامەڵەی دۆلار دەکەن، تەنها یەک کەسیش پارەی نەفەوتاوە، تەنانەت خودی بازاڕەکە خۆی ئەو بڕە پارەیەی نییە کە باسی دزرانی دەکرێت، ئەگەر ئەو بڕە پارەیە لێرە بدزرێت، دەبێت بازاڕەکە دابخرێت.