مەكگۆرك دڵنیایی دەداتە هەرێمی كوردستان

نێچیرڤان بارزانی و برێت مەكگۆرگ

برێت مەكگۆرك لە هەولێر لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی كۆبووەوە، بەرپرسەكەی ئەمریكا ‏دڵنیاییەك دەدات و سەرۆكی هەرێمیش كاتی سەردانەكەی بە گرنگ لەقەڵەم دەدات.‏

برێت مەكگۆرگ، ڕێكخەری كۆشكی سپیی ئەمریكا بۆ كاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ‏و باكووری ئەفریقا نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە هەولێر لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی ‏هەرێمی كوردستان كۆبووەوە و ڕایگەیاند، ئەمریكا لە پشتگیریكردنی عێراق و هەرێمی ‏كوردستان بەردەوام دەبێت و بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و تێكشكاندنی یەكجاریی داعش، ‏دەتوانن پشتی پێببەستن، هەروەها پرسە و سەرەخۆشی پێشكەش بە خانەوادەی شەهیدانی ‏پێشمەرگە كرد، كە ئەمدواییە لە بەرەنگاربوونەوەی داعشدا شەهید بوون.‏

بەپێی ڕاگەیەندراوێكی كۆبوونەوەكە، خۆیەوە نێچیرڤان بارزانی كاتی سەردانەكەی ‏مەكگۆرك-ی بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان بە گرنگ لە قەڵەمداوە و دووپاتیكردەوە، ‏‏”لە سەروبەندی گۆڕانی ئەركی هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان لە عێراق، ‏دووپاتكردنەوەی بەردەوامیی پابەندیی ئەمریكا بە پشتگیریكردنی عێراق و هەرێمی ‏كوردستان، پەیامێكی گرنگە”.‏

لە كۆبوونەوەكەدا كە باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق و كونسوڵی گشتییان لە هەولێر ‏ئامادەیبوون، هەڵبژاردن و ئەنجامەكانی و پێشبینی بۆ داهاتووی پرۆسەی سیاسی لە ‏عێراق، گفتوگۆی نێوان هێز و لایەنە عێراقییەكان، هەوڵەكان بۆ دامەزراندنی حكومەتی ‏نوێی فیدراڵ، دۆخی ئەمنی و سەربازی و ئابوریی وڵات، هێرش و پەلامارەكانی داعش، ‏هاریكاری و هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپا، پەیوەندییەكانی هەولێر ـ بەغدا، ‏گفتوگۆی ستراتیژیی عێراق- ئەمریكا و دەرفەتەكانی برەودان بە پەیوەندییەكانی هەردوولا ‏تاوتوێكران.‏

هەردوولا هاوڕابوون كە داعش مەترسییەكی ڕاستەقینەیە و بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و ‏تێكشكاندنی، هێشتا عێراق پێویستی بە بەردەوامیی پشتگیریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ‏هەیە، هەروەها هاریكاری و هەماهەنگیی هێز و لایەنە عێراقییەكانیان بە پێویستزانی بۆ ‏ئەوەی بتوانن حكومەتێكی كۆكەرەوە لە وڵات پێكبهێنن، كە وەڵامدەرەوەی داواكارییەكانی ‏هاوڵاتییانی عێراق بێت و ئارامی و سەقامگیریی بپارێزێت، وەك ئەوەی لە بەشێكی ‏دیكەی ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە.‏

هەروەها دۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان، پەیوەندییەكانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی ‏ناوچەكە و جیهان، دۆخی ناوچەكە بەگشتی، دوایین پێشهاتەكانی سوریا و پرسی كورد لەو ‏وڵاتە و چەند بابەتێكی دیكەی جێی بایەخی هاوبەش، تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو.‏

بابەتی پێشتر

وەزیری كۆچ و كۆچبەران: چوار هەزار كۆچبەری عێراقی لە پۆڵەندا گیریانخواردووە

بابەتی دواتر

بافڵ جەلال تاڵەبانی و برێت مەکگۆرک كۆبوونەوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

شاندێكی عێراقی گەیشتە هەڵەبجە… دوایین ڕاپۆرت لەبارەی بەپارێزگابوون ئامادەدەكەن

شاندێكی باڵای وەزارەتی پلاندانانی عێراق و بەڕێوەبەرایەتیی پارێزگاكان گەیشتە پارێزگای هەڵەبجە، ڕاپۆرتی كۆتایی لەبارەی بەپارێزگابوونی هەڵەبجەوە ئامادەدەكەن. پەیامنێرمان…
Total
0
Share