بافڵ جەلال تاڵەبانی و برێت مەکگۆرک كۆبوونەوە

دیمەنێك لە كۆبوونەوەكە

لە ھەولێر، بافڵ جەلال تاڵەبانی و برێت مەکگۆرک ڕێکخەری ئەنجومەنی ئاسایشی ‏نیشتمانیی ئەمریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا و شاندێكی ‏یاوەری، کۆبوونەوە.‏

لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم و ماتیو تۆلەر، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق و ڕۆبەرت پاڵەدینۆ، کونسوڵی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان ئامادەیبوون، گفتوگۆی ھەمەلایەنە لەبارەی پرسە چارەنووسازەکان، پێشھاتە سیاسی و ئەمنی و ئابوورییەکان، عێراقی دوای ھەڵبژاردن کرا، جەختکرایەوە لە پێویستی چارەسەرکردنی سیاسییانەی کێشەکان و پەنابردن بۆ دیالۆگ و زمانی گفتوگۆ.

بافڵ جەلال تاڵەبانی پێویستیی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا دووپاتکردەوە بەتایبەت لە پرسی بەردەوامیدان بە ڕاوێژ و ھاوکاریکردنی ھێزی پێشمەرگە لە ڕووی مەشق و پێشخستنی توانا لۆجستی و سەربازییەکان لەپێناو ڕیشەکێشکردنی تیرۆر و ئارامی و ئاسایشی زیاتر لە ناوچەکە.

سەبارەت بە قۆناغی دوای ھەڵبژاردن و حکومەتی داھاتووی عێراق لە دیدارەکەدا بیروبۆچوون ئاڵوگۆڕکرا و جەخت لە دەستپێکردنی ھەنگاوەکانی پێکھێنانی حکومەتێکی خزمەتگوزار و کارا و چالاک کرایەوە کە لەئاست ھەستیاری ھەلومەرجەکە و خواست و پێویستیی ھەموو نەتەوە و پێکھاتەکانی عێراق بێت و ھاوسەنگیی سیاسی تێدا بپارێزرێت.

بافڵ جەلال تاڵەبانی بەگرنگییەوە ئاماژەی بە ھەوڵەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد بۆ ئە‌وە‌ی نوێنە‌رانی كوردستان بە‌یە‌ك تیم بچنە‌ بە‌غداد و دیدگای ڕوونی یەکێتی ئاشکراکرد کە پەرۆشی ڕەخساندنی زەمینەی پێکەوەیی و چارەسەرکردنی گرفتەکانە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی گشتی و وتی، “دەمانەوێت وەک نوێنە‌رانی کوردستان بە یەک تیم بچینە بەغداد و لەگەڵ دۆستەکانمان لەسەر بنەمای دەستوور گفتوگۆ بکەین و پارێزگاری لە مافە نەتەوەیی و یاساییەکانمان بکەین کە سەرخستنی ئەم نیەتە زامنی عێراقێکی بەھێز و ھەرێمێکی پارێزراو دەبێت”.

ھەر لەدیدارەکەدا چەندین پرسی دیكەی جێی بایەخی ھەردوولا ڕاشکاوانە بیروبۆچوونیان لەبارەوە خرایەڕوو.

 

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

وەزیری ناوخۆ: دەسەڵاتی دادوەری وەک پێویست گرنگی نەداوە بە یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان

وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕەخنە لە دەسەڵاتی دادوەری دەگرێت بەوەی وەک پێویست گرنگییان بە یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی…
زیاتر ببینە

سبه‌ینێ ده‌ست به‌ دابه‌شكردنى مووچه‌ى مانگى ڕابردوو ده‌كرێت

وەزارەتى دارایى سبه‌ینێ ده‌ست به‌ دابه‌شكردنى مووچه‌ ده‌كات و سه‌ره‌تاش وه‌زاره‌تى ته‌ندروستی مووچه‌یان پێده‌درێت. سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار له‌ وه‌زاره‌تى…
Total
0
Share