وەزیری كۆچ و كۆچبەران: چوار هەزار كۆچبەری عێراقی لە پۆڵەندا گیریانخواردووە

وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق ئاشكرایكرد، هێشتا زیاتر لە چوار هەزار كۆچبەری عێراقی لە سنوورەكانی نێوان بیلاڕوسیا و پۆڵەندا گیریانخواردووە.

ئیڤان فائیق وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق ڕایگەیاند، شاندێكی وەزارەتەكە چووەتە پۆڵەندا بۆ چارەسەركردنی كێشەی ئەو كۆچبەرانەی گیریانخواردووە، لەگەڵ حكومەتی پۆڵەندا گفتوگۆیكردووە و داوایكردووە لە بەزۆرناردنەوەی ئەو كۆچبەرانەدا نەرمی بنوێنرێت”.

وەزیری كۆچ و كۆچبەران لێدوانی بۆ میدیای فەرمیی عێراق داوە و وتوویەتی، “ئێمە دژی بەزۆرناردنەوەی كۆچبەرانین و وەزارەتەكە لەگەڵ نەتەوە یەكگرتووەكان لە پەیوەندیدایە، چونكە زۆربەی كۆچبەرە عێراقییەكانی كامپەكانی پۆڵەندا نایانەوێت بگەڕێنەوە و زیاتر لە چوار هەزار كۆچبەر لە سنوورەكانی نێوان بیلاڕوسیا و پۆڵەندا ماونەتەوە”.

بەشێك لە كۆچبەرانی عێراقی ڕوویان لە پۆڵەندا و لیتوانیا و لاتڤیا كردووە و ئەو وڵاتانەش ڕێگەیان پێنادەن بپەڕنەوە بۆ وڵاتانی تری ئەوروپا و هەوڵی بەزۆر ناردنەوەیان دەدەن، لیتوانیا كە یەكێكە لەو وڵاتانە، هەزار یۆرۆ دەدات بە هەر كۆچبەرێك لەبەرامبەر گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی بۆ وڵاتەكەی خۆی.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share