لەكاتی فرۆشتنی كوڕە سێ ساڵانەكەیدا بە 30 هەزار دۆلار، پیاوێك لە بەغداد دەستگیركرا و دادگاییكرا.
ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە ڕاگەیەندراوێكی لەبارەی كەیسەكەوە بڵاوكردەوە و دەڵێت، ئەو پیاوە لەلایەن هاوڕێیەكییەوە پەیوەندی پێوەكراوە و پێیوتووە كەسێك ئامادەیە منداڵێكی كوڕ بە 30 هەزار دۆلار بكڕێت و بەخێویبكات، ئەویش قایلبووە و ڕایگەیاندووە، كوڕەكەی خۆی كە تەمەنی سێ ساڵە دەیفرۆشێت.
بەپێی ڕاگەیەندراوەكە، ڕووداوەكە لە بەغداد ڕوویداوە و هێزە ئەمنییەكان و دادوەری لێكۆڵینەوە چاودێریی كەسەكەیان كردووە و دەستگیركراوە، دادگای تاوانەكانی ڕسافە باوكەكەی دادگاییكردووە و بە یاسای بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە سزای 10 ساڵ زیندانیكردنی بەسەردا سەپاندووە.
ماوەی ساڵێكە حاڵەتەكانی بازرگانیكردن بە منداڵ و كڕین و فرۆشتنیان لە بەغداد زۆربوون، بەر لە كەمتر لە دوو مانگ، وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، هێزەكانی باندێكیان لە بەغداد دەستگیركردووە كە لە 18 كەس پێكهاتووە و كاریان بازرگانیكردن بە كچانەوە بووە و چەندین كچیان كڕیوە و فرۆشتووە، پێشتریش پێنج باند كە ئەو كارانەیان كردووە لە بەغداد دەستگیركراون.