ئەنجومەنی نوێنەران خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای قەرزكردن دەكات

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، لە دانیشتنی داهاتووی ئەنجومەندا خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای پارەداركردنی كورتھێنانی دارایی (قەرزكردن) و پرۆژەیاسای دادگای باڵای فیدڕاڵ دەكرێت.

ئەحمەد كینانی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی هاوپەیمانی فەتح ئەمڕۆ یەكشەممە 1ی تشرینی دووەم ڕایگەیاند، لە دانیشتنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەراندا خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای پارەداركردنی كورتھێنانی دارایی (قەرزكردن) دەكرێت.

كینانی لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ئەوەشی وت، “چاوەڕوان دەكرێت، ڕۆژی پێنجشەممە یان شەممەی داهاتوو دانیشتنی ئاسایی ئەنجومەنی نوێنەران سازبكرێت”.

هەر لەو دانیشتنەدا خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای دادگای باڵای فیدڕاڵی دەكرێت، وەك ئەوەی ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی پێدا.

پڕۆژەیاسای پارەداركردنی كورتھێنانی دارایی لەلایەن حكومەتی عێراقەوە ڕەوانەی پەرلەمان كراوە بەمەبەستی دابینكردنی موچەی سێ مانگی كۆتایی ئەمساڵی فەرمانبەران بۆ ئەوەش حكومەت بڕی قەرزەكەی بە 41 تریلیۆن دینار دیاریكردووە.

پرۆژەكە پێشتر مشتومڕی لەنێو لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران لێكەوتەوە و بەشێكی بەرچاوی ئەندامانی لیژنەكە كۆكن لەسەر ئەوەی پێویستە قەرزەكە تەنها بۆ موچە و بەشە خۆراکى مانگانە و دەرمان و پێداویستی پزیشكی بێت.

پێشتر ئەحمەد سەفار، بڕیاردەرى لیژنەى دارایى ئەنجومەنی نوێنەران لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسى فەرمى عێراق ڕایگەیاند، لە خوێندنەوەى دووەمدا پێدەچێت بڕى قەرزەکە کەمبکرێتەوە.

ئەوەشی وت، “چەند پێشنیازێک هەیە بۆ کەمکردنەوەی ئەو 41 تریلیۆن دینارە، بەشێک داوای 20 تریلیۆن دینار، بەشێکی دیکە 15 و بەشێکی دیکەش داوای پێدانی 10 تریلیۆن دینار دەکەن، بەڵام ڕەنگە لە کۆتاییدا 15 تریلیۆن دینارەکە پەسەندبکرێت”.

بابەتی پێشتر

قائیمقامیەتی سلێمانی ڕێنمایی کردنەوەی مۆڵ و مارکێتەکانی ڕاگەیاند

بابەتی دواتر

تورکیا سەرکردەی ئۆپۆزسیۆنی ئەهوازی بەرامبەر دوو سەرکردەی پەکەکە داوەتەوە بە ئێران

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share