ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەرەتای هەفتەی داهاتووی بۆ خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای قەرزكردن دیاریكرد و پەرلەمانتارێكیش دەڵێت، بەر لە پەسەندكردنی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و بانكی ناوەندی كۆدەبینەوە.
شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران ئەمڕۆ پێنجشەممە 5ی تشرینی دووەم بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، ڕۆژی شەممە خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاساكە دەكرێت و تێبینی و سەرەنجەكان لەسەر بڕگەكانی دەخرێتەڕوو.
وتیشی، “وەك لیژنەی دارایی لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق و بانكی ناوەندی كۆدەبینەوە، بەر لەوەی خوێندنەوەی سێیەم و كۆتایی لەسەر پرۆژەیاساكە بكەین”.
بەپێی وتەی ئەو پەرلەمانتارە پێدەچێت هەر لە هەفتەی داهاتوودا یاساكە پەسەندبكرێت، بەڵام دووپاتیكردەوە “بەهەمان ئەو بڕە نابێت كە لەلایەن حكومەتەوە داواكراوە و پێدەچێت كەمبكرێتەوە بۆ نیوە”.
پڕۆژەیاسای پارەداركردنی كورتھێنانی دارایی لەلایەن حكومەتی عێراقەوە ڕەوانەی پەرلەمان كراوە بەمەبەستی دابینكردنی موچەی سێ مانگی كۆتایی ئەمساڵی فەرمانبەران بۆ ئەوەش حكومەت بڕی قەرزەكەی بە 41 تریلیۆن دینار دیاریكردووە.
پرۆژەكە مشتومڕی لەنێو لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران لێكەوتەوە و بەشێكی بەرچاوی ئەندامانی لیژنەكە كۆكن لەسەر ئەوەی پێویستە قەرزەكە تەنها بۆ موچە و بەشە خۆراکى مانگانە و دەرمان و پێداویستی پزیشكی بێت.
پێشتر ئەحمەد سەفار، بڕیاردەرى لیژنەى دارایى ئەنجومەنی نوێنەران ڕایگەیاند، “چەند پێشنیازێک هەیە بۆ کەمکردنەوەی ئەو 41 تریلیۆن دینارە، بەشێک داوای 20 تریلیۆن دینار، بەشێکی دیکە 15 و بەشێکی دیکەش داوای پێدانی 10 تریلیۆن دینار دەکەن، بەڵام ڕەنگە لە کۆتاییدا 15 تریلیۆن دینارەکە پەسەندبکرێت”.