ژمارەی قوربانییانی باهۆزەكەی ئەمریكا بۆ زیاتر لە 70 كەس بەرزبووەوە و جۆ بایدن باری نائاسایی ڕاگەیاند.
لە شەوی هەینییەوە باهۆزێكی بەهێز ویلایهتى كنتاكی-ی لە ئهمریكا گرتووەتەوە و وەك دەسەڵاتدارانی ویلایەتەكە دەڵێن، تا ئێستا زیاتر لە 70 كەس بەهۆی گەردەلوولەكەوە مردوون.
ئاندی بەشیر فەرمانڕەوای ویلایەتی كنتاكی بە ڕۆژنامهى “واشنتۆن پۆست”ى ڕاگەیاندووە، پێشبینیدەكەن ژمارەی قوربانییەكانی باهۆزەكە بۆ زیاتر لە 100 كهس بەرزببێتەوە”.
بەهۆی باهۆزەكەوە جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا باری نائاسایی له ویلایهتی كنتاكی ڕاگەیاند و وتی، “ئهم باهۆزە یەكێكە لە بەهێزترین باهۆزەكان لە مێژووى ئەمریكادا”.
بڕیارەكەی بایدن وادەكات پارە بۆ ویلایەتی كنتاكی تەرخانبكرێت و هەوڵی ئاساییكردنەوەی دۆخی ویلایەتەكە بدرێت، لەكاتێكدا دەیان هەزار كەس بەهۆی باهۆزەكەوە كەوتوونەتە دۆخی بێئاوی و بێكارەباییەوە.