گۆشتی چێندراو.. سوود و ڕێگرییەکانی بەردەم برەوپێدانی

پرۆسەی چاندن و دروستکردنەوەی گۆشت لە تاقیگەکاندا وردە وردە دەبێتە دیاردەیەکی بەربڵاو. ئەم جۆرە بەرهەمە پشت بە تەکنەلۆجیا و زانستی سەردەم دەبەستێت و بەسوودە بۆ پاراستنی ژینگە و ڕێگریکردن لە سەربڕینی ئاژەڵان، بەڵام هاوکاتیش چەندین ئاڵنگاری و مەترسیی تێدایە.

گۆشتی چێندراو کە بە “گۆشتی دەستکرد”یش دەناسرێت، لەڕێی وەرگرتنی خانەکانی ئاژەڵێکی زیندووەوە و پاشان چاندنەوە و گەشەپێدانی لە تاقیگەکاندا، بەرهەمدەهێنرێت.

ئەم جۆرە بەرهەمهێنانە کە گۆشتی سوور و پەلەوەر و ماسییش دەگرێتەوە، شێوازێکی بەرهەمهێنانی نوێیە و تەنیا نزیکی هەشت ساڵێکە پەیدا بووە، بۆیە هێشتا لە بواری تاقیکردنەوە و پەرەسەندندایە و تەنیا بە ڕێژەی کەم و دیاریکراو دەخرێتە بازاڕەکانی جیهانەوە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی “نیوز مێدیکاڵ” ڕەنگە ئەم جۆرە گۆشتە “خۆراکی داهاتوو” بێت، چونکە چەندین خاڵی ئەرێنیی تێدایە، یەکەمیان ئەوەیە کە سەرچاوە ئاژەڵییەکان و زەویوزار و ئالیک بەکارنابات و لە تاقیگەکاندا بەرهەمدەهێنرێت.

هەروەها ئەم گۆشتانە سوودێکی تەندروستییشیان هەیە، چونکە بە بەراورد بە گۆشتی ئاژەڵیی ڕاستەقینە، ماددە خۆراکییەکان تیایاندا هاوسەنگترن، بەو پێیەی دەتوانرێت چەورییە زیانبەخشەکانی ناویان لەناوببرێن و ڤیتامین B12 و ئۆمیگا3یان تیادا زیادبکرێت، هاوکاتیش هەندێک میکرۆب و بەکتریایان تێدا نییە، جگە لەوەی بەدوورن لەو هۆرمۆنانەی لە کوشتارگەکاندا دەدرێن بە ئاژەڵان، تاکو بە زوویی گەورەببن بۆ سەربڕین.

هەندێک ڕێگری لەبەردەم بەرهەمهێنانی ئەم جۆرە گۆشتەدا هەن، بۆ نموونە: ئەو خانە زیندووانەی بۆ بەرهەمهێنانی ئەم جۆرە گۆشتە پێویستن، دەبێت لە کۆرپەلەی ئاژەڵەکەوە وەربگیرێن، ئەمەش هاودژە لەگەڵ داواکاریی خەڵک و ڕێکخراوەکانی ڕووەکیبوون و مافی ئاژەڵاندا، بەوپێیەی ئەم خانانە دەبێت پاش سەربڕینی ئاژەڵەکە وەربگیرێن.

هەروەها ئەم گۆشتانە ناتوانن ئەو هەمەجۆرییەی شێوە و تام دابینبکەن، کە گۆشتی ئاسایی دابینیان دەکات، جگە لەوەی تامی گۆشتی ئاساییش نادەن. بەدەر لەمانە، گەورەترین ڕێگری، بریتییە لە گرانیی نرخیان و ناڕوونیی ئەو کاریگەرییانەی لە دوورمەودادا لەسەر جەستە و تەندروستیی مرۆڤ دایاندەنێن.

بابەتی پێشتر

كۆمپانیایەكی یارییە ئەلیكترۆنییەكان داهاتەكەی بۆ هاوكاریكردنی ئۆكرانییەكان تەرخاندەكات

بابەتی دواتر

فەرمانی دەستگیركردن بۆ عەبدوڵای كوێخا موبارەك و شەش كەسی دیكە دەرچوو

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share