لیژنەی باڵای پارێزگای هەولێر داوا لەو هاوڵاتییانەی پارێزگاكە دەکات کە خانووەکانیان لەسەر زەویی زیادەڕۆیە، لەماوەیەکی کەمدا داوای خاوەندارێتیکردنی موڵکەکانیان بکەن تاوەکو بکرێت بەناویانەوە.
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا، داوا لە خاوەن خانووە زێدەڕۆکانى سنوورى شارەوانییەکانی پارێزگاكە دەکات، بەزووترین کات سەردانى لیژنەکان بکەن بەمەبەستى پێشکەشکردنى داواکاریى تەملیککردن.
پارێزگاری هەولێر دەڵێت، ماوەی بەخاوەنکردنى ئەو زەوییانەى لە سنوورى شارەوانییەکان زێدەڕۆیی لەسەر کراوە، دیاریکراوە، بۆیە دەبێت بەزووترین کات سەردان بکەن.
پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاندووە، ”ئاگاداریى گشت خاوەن خانووە زیادەڕۆکانى سنوورى شارەوانییەکان دەکەینەوە، کە یاساى بەخاوەنکردنى ئەو زەوییانەى لە سنوورى شارەوانییەکان زێدەڕۆیی لەسەر کراوە، دواى هەموارکردنەوەى لە پەرلەمان بەیاساى ژمارە (7)ى ساڵى 2021، ئێستا بەرکارە و لیژنەکانمان لە تەواوى قەزا و ناحییەکان بۆ ئەو مەبەستە دەستبەکارن”.