دوای ئەوەی کێشەی کۆمەڵایەتی کەوتە نێوان چەند گوندێکی سەکرایەتی و چەند بنەماڵەیەک کە پێیان دەڵێن “کۆچەری و بەرەکەیی” و دواجار بەهۆی پێکدادانی چەکدارییەوە کەسێک کوژرا، مەسعود بارزانی هەوڵی چارەسەری کێشەی داوە، بەڵام ئێستا لایەنێکی شەڕەکە بە شکاندنی بەڵێنەکەی بارزانی تۆمەتباردەکرێت.
بەهۆی ئەوەی لایەنی “بەرەکەیی” بە هەوڵی شکاندنی بەڵێنەکەی نێوانیان دادەنرێت، ئێستا لایەنی گوندەکانی سەکرایەتی لە گلەیینامەیەکدا ڕایدەگەیەنن، نایانەوێت جارێکی دیکە گرژی بکەوێتەوە و خەڵکی زیاتر بکوژرێت.
لە گلەیینامەکەی گوندەکانی سەکرایەتیدا هاتووە، “ئێمە دانمان بەخۆماندا گرتووە، بەڵام لایەنی بەرامبەر هەوڵی زیندووکردنەوەی کێشەکە دەدەن و دوێنێ هەینی هەوڵیانداوە سێ کەس لەلایەنی ئێمە بکوژن، بەڵام شکستی پێهێندراوە”.
لایەنی بەرەکەیی لایەنی بەرامبەر بەوە تۆمەتباردەکەن، کە “بازگەی نایاساییان داناوە و خەڵک و گەشتیاریان گەڕاندووەتەوە و هەڕەشەی کوشتنیان لێکردوون”.
لە گلەیینامەکەدا داوا لە مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان کراوە، جارێکی دیکە دەستوەردانبکات، ئەگەرنا، کێشەکە گەورەتر دەبێت.