ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگا: پشكی سلێمانی لە غاز كەمە و سامانە سروشتییەكان ‏بەرپرسە

ئەو پشكی غازەی لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەكانەوە بۆ سلێمانی تەرخانكراوە، ‏كەمە و لەگەڵ زیادبوونی خواست، گرفتی نەبوونی دروستدەكات، وەك ئەوەی ئەندامێكی ‏ئەنجومەنی پارێزگا باسیدەكات و دەڵێت، لەچاو ساڵی ڕابردوو، بڕەكە كەمتریش ‏كراوەتەوە.‏

كەریم عەلی، سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە ‏تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، كۆمپانیای ساوس كوردستان گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیای ‏دانەغاز كردووە ڕۆژانە هەزار تۆن غازی پێبدات، لەو بڕە، كۆمپانیاكە 300 تۆنی بە ‏بازرگانی دەفرۆشێت و 700 تۆنیشی دابەشی سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان ‏دەكرێت.‏

وتیشی، دابەشكردنی سەر ئاستی پارێزگاكان لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەكانەوە ‏بڕیاری لەسەر دراوە، بەجۆرێك ڕۆژانە 240 تۆن بۆ سلێمانی، 250 تۆن بۆ هەولێر و ‏نزیكەی 170 تۆنیش بۆ دهۆك دەنێردرێت.‏

بەپێی وتەی ئەندامەكەی ئەنجومەن، ئەو بڕەی ڕۆژانە دێت بۆ سلێمانی بەراورد بە ‏ڕێژەی دانیشتووان كەمە، لەم كاتەشدا كە كێشەی كەمیی كارەبا و دابەشكردنی نەوتی سپی ‏هەیە، وایكردووە هاوڵاتییان غازی زیاتر بەكاربهێننن و وتی، “هەر كاتێك خواست لەسەر ‏بەكارهێنانی غاز زیاتربێت، ئەم گرفتانە دروستدەبێت”.‏

مەترسیی ئەوە هەیە گرفتەكە لە مانگی یەكدا زیاتر بێت، كەریم عەلی وتی، “ئەگەر بڕەكە ‏ڕۆژانەش بەتەواوی بگات، ئەوا هێشتا پشكی ئەمساڵی سلێمانی لەچاو ساڵی پار كەمترە”، ‏ئەمەش لەكاتێكدایە پشكی شارەكە، پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و ‏ڕاپەڕینیشی لەسەرە.‏

ئەوەی تاڕاددەیەك گرفتەكەی بە بچووكی هێشتووەتەوە، وەك ئەوەی سەرۆكی لیژنەی ‏وزەی ئەنجومەنی پارێزگا ئاماژەی پێدا، ئەو بڕە غازەیە كە لە كەركوكەوە دێت و ڕۆژانە ‏نزیكەی 100 بۆ 150 تۆنە، كە هەموو گەرمیان و بەشێك لە كارگەكانی سلێمانیشی ‏لەسەرە، وتی، “ئەگەر حكومتی عێراق ئەو بڕە ڕابگرێت، گرفتەكە زۆر زۆر زیاتر ‏دەبێت لەوەی ئێستا”.‏

دەربارەی چارەسەریش، كەریم عەلی وتی، “وەكو ئەنجومەنی پارێزگا بەدواداچوون ‏دەكەین و بڕیارە لە ماوەی كەمی داهاتوودا نووسراوێك ئاراستەی وەزارەتی سامانە ‏سروشتییەكان بكەین بەمەبەستی زیادكردنی پشكی پارێزگاكە”.‏

پێشتر ئالان جەمال، یەكێكە لە غازفرۆشەكانی سلێمانی، هۆكاری گرفتەكەی ئەمجارەی بۆ ‏ئەوە ‏گەڕاندەوە، كە لە كێڵگەی كۆرمۆرەوە بەشەغازی سلێمانی كەمكراوەتەوە، پێشتر ‏ڕۆژانە ‏غاز دەنێردرا، بەڵام ئێستا تەنها دوو ڕۆژ لە هەفتەیەكدا بەشەغازی سلێمانی ‏دەنێردرێت.‏

غازفرۆشەكەی سلێمانی وتی، لەئێستادا لە هەفتەیەكدا هەر غازفرۆشێك تەنها 80 ‏غازی ‏پێدەدرێت، تەنها دوو ڕۆژ لە هەفتەكەدا غازیان پێدەدرێت و ڕۆژی 40 غازیان ‏دەدرێتێ، ‏بۆیە گرفتەكە دروستبووە.‏

ئالان ڕەخنەی ئەوەی هەبوو، كە لە ڕێژەی ناردنی غاز بۆ سلێمانی حسابی ‏هاوین ‏دەكرێت، لەكاتێكدا لە وەرزی سەرما و زستاندا غازی زیاتر لەلایەن ‏هاوڵاتییانەوە ‏بەكاردەهێنرێت.‏

سەرەڕای دروستبوونی گرفتی غازی ماڵان، بەڵام تا ئێستا نرخەكەی بەرزنەبووەتەوە ‏و ‏هەر بە 8 هەزار و 500 دینارە.‏

بابەتی پێشتر

هه‌واڵگریی عێراق ڕێگری له‌ دزەپێكردنی بڕێكی زۆر مادده‌ی هۆشبه‌ر كرد

بابەتی دواتر

بەڵێنێکی بارزانی شكێنرا.. ئەگەری دەستپێكردنەوەی شەڕی نێوان سەكرایەتی و ‏بەرەكەییەكان هەیە ‏

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی بریندارانی رووداوەكەی بنكەی تاسڵوجەی بەسەرکردەوە

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی رایدەگەیەنێت، “بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لەبارودۆخی تەندروستی بریندارانی رووداوەكەی بنكەی تاسڵوجە دەپرسێت”. لە راگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتیی…
Total
0
Share