تەقینەوەیەک لە کامپی ئاوارەکانی فەڵەستین لە باشووری لوبنان ڕوویدا، بەپێی سەرچاوە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە، تەقینەوەکە لە کۆگایەکی چەک و تەقەمەنیدا بووە، دیارنییە دەگەڕێتەوە بۆ حزبوڵا، یان حەماس.
ئاژانسی میدیای نیشتمانیی لوبنان بڵاویكردەوە، شەوی ڕابردوو تەقینەوەیەك ڕوویداوە لەناو کامپی بورج شیمال لە شاری “صور”، دەنگی تەقینەوەکە لە گوندەکانی دەوروبەری بیستراوە.
ئاژانسی ڕۆیتەرز لەزاری سەرچاوەیەک لە ناو کامپەکە و سەرچاوەیەکی دیکەی ئەمنییەوە بڵاویکردەوە، تەقینەوەکە زۆر بەهێزبووە و کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە.
بەپێی ڕۆیتەرز، تەقینەوکە لە کۆگایەکی چەک و تەقەمەنیی حزبوڵا ڕوویداوە، کە لەناو کەمپەکەدایە، “لەناو کامپەکانی فەڵەستینییەکاندا حزبوڵا ئەو کۆگایانەی هەیە بۆ پاراستنی چەکەکانی”.
لەلایەکی دیکەوە ئاژانسی میدیای نیشتمانیی لوبنان دەڵێت، تەقینەوەکە لە یەکێک لە ناوەندە ئیسلامییە فەڵەستینییەکانی ناو کامپەکەدا بووە، ئەو کەرەستانەشی تەقیونەتەوە بزوتنەوەی حەماسی فەڵەستینی خاوەندارێتیی دەکات و هۆکاری تەقینەوەکەش ڕوون نییە.
ئاژانسی نیشتمانیی لوبنان باسی لەوەکردووە، بەهۆی تەقینەوەکەوە ژمارەیەک کوژراو و بریندار هەن، بێ ئەوەی دیارییبكات، بەڵام میدیا عەرەبییەکان باس لە 13 کوژراو دەکەن وەک ئاماری سەرەتایی.