ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی
تا ئێستا هیچ بەرپرسێكی هەرێم لەسەر گەندەڵی سزانەدراوە

ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵییە، كە لە ساڵی 2003دا 9ی كانونی یەكەمی هەموو ساڵێك وەك ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لەلایەن كۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە دەستنیشانكراوە، بەمەبەستی بڵاوكردنەوەی هۆشیاری لەبارەی گەندەڵی و ڕووبەڕووبوونەوەی دیاردەكە و قەدەغەكردنی، بەڵام سەرباری بڵاوبوونەوەی ئەو گەندەڵییەی لەلایەن خوودی دەسەڵاتدارانەوە باسدەكرێت، تا ئێستا هیچ بەرپرس و پلەدارێك بەتۆمەتی تێوەگلان لە گەندەڵی سزانەدراوە.

لەم ڕۆژەدا، ئەحمەد ئەنوەر سەرۆكی دەستەی دەسپاكیی هەرێمی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە هەولێر، ئاماری بەشێك لە كارەكانی ئەمساڵی دەستەكەی خستەڕوو و ڕایگەیاند، لە كەیسەكانی گەندەڵیدا 121 زانیاری تۆماركراون و ئەمساڵ 136 كەیسی گەندەڵی ڕەوانەی دادگا كراون و گەیشتوونەتە قۆناغی سزادان، بەبێ ئەوەی جۆری گەندەڵییەكان و كەسانی تێوەگلاو و سزاكان ئاشكرابكات.

وتیشی، 94 داوای سزایی یەكلاییبوونەتەوە و 123 كەیسیش لە قۆناغی دادگاییكردندان.

لەبارەی هەمواركردنەوەی “یاسای دەستەی دەسپاكی”یەوە كە ماوەی چەند مانگێكە لە پەرلەمانی كوردستانە، سەرۆكی دەستەی دەسپاكی داوایكرد پرۆسەكە خێراتر بكرێت بەمەبەستی پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای هەمواركردنەوەكە لە پەرلەمان.

لە هەمواری یاساكەدا، دەسەڵات دەدرێت بە ئەنجومەنی دادوەری و پەرلەمانی كوردستان، ئەو كەسەی كاندید دەبێت بۆ سەرۆكی دەستەی دەستپاكی، ئەوان یەكلاییبكەنەوە.

ئەحمەد ئەنوەر لەبارەی هەوڵەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە دامەزراوەكاندا، وتی، بەرنامەی یو ئێن دی پی بۆ ماوەی چوار ساڵ لە هەرێمی كوردستان و عێراق پەیڕەودەكرێت بەمەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی كە لەلایەن یەكێتیی ئەوروپاوە 15 ملیۆن یۆرۆی بۆ تەرخانكراوە.

بەپێی ئامارەكان دوای ساڵی 2003 نزیكەی 450 ملیار دۆلاری ئەمریكی لە پارەكانی عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە دیارنەماون و بەشێكی زۆری ئەو پارانە براونەتە دەرەوە، ئەوەش دەكاتە 40% كۆی بودجەكانی عێراق لە ماوەی 18 ساڵی ڕابردوودا.

لە ماوەی ڕابردوودا، فەرمانگەی گەڕاندنەوەی پارەكان لە دەستەی دەستپاكیی عێراق، بڕی ئەو پارە براو و دزراوانەی ئاشكراكرد كە تا كۆتایی ساڵی 2020 گەڕێندراونەتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت.

موعتەز عەباسی بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەكە دەڵێت، “ئەو پارانەی لە دەرەوە و ناوەوەی عێراق گەڕێندراونەتەوە، بریتین لە یەك ملیار و 417 ملیۆن و 984 هەزار دۆلار، 33 ملیۆن و 582 هەزار و 725 یۆرۆ، دوو ملیۆن و 329 هەزار و 521 پاوەندی بەریتانی، 951 ملیار و 428 ملیۆن و 263 هەزار دینار، 720 هەزار و 529 دیناری ئوردنی و سێ هەزار و 652 فرەنكی سویسری”.

بەپێی وتەی شارەزایان و چاودێرانی دۆخی سیاسی و ئابوریی عێراق، هەوڵەكانی دەوڵەتی عێراق بۆ گەڕاندنەوەی پارە دزراوەكان لەئاست گەورەیی گەندەڵییەكان و زۆریی پارە دزراوەكاندا نین و دەڵێن، “ئەستە بتوانرێت هەموو پارە براوەكان بگەڕێندرێنەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت”.

بابەتی پێشتر

سوننەكان هەنگاو بۆ هاوپەیمانییەكی نوێ دەنێن

بابەتی دواتر

بە فەرمی كۆتاییهاتنی ئەركە شەڕكەرییەكانی هاوپەیمانان ڕاگەیەندرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share